گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تا کەی قوتابخانەکان دادەخرێن؟

کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا دوادەخرێت

2021.04.08 - 14:56
App store icon Play store icon Play store icon
کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا دوادەخرێت

ناس کورد-

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی بەپێی ئەو بڕیارەی دراوە تایبەت بە قەدەغەی نیمچەیی هاتوچۆ تاوەکو 12ی ئەم مانگە پێیدەچێت کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بۆ ماوەی یەک دوو ڕۆژ دوابخرێت و باس لەبەردەوامی پرۆسەی خویندن دەکات بۆ پۆلی دوازدەی ئامادەیی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (8ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، بۆ زیاتر بەرچاو روونی و هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی و بەهۆی ئەوەی بڕیاری نیمچەیی قەدەغەی هاتوچۆ دراوە تاوەکو 12ی 4ی 2021 پێیدەچێت کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کە پێشتر باس لەوەکرا 10ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت بۆ یەک دوو ڕۆژ دوابخرێت.

 

سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەی خوێندن بۆ پۆلەکانی 12ی ئامادەیی و دەوامی فەرمانگەکان لە ئەگەری زیاتر بوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا، وتی، "تاوەکو ئەم قۆناغە دەکرێت خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەردەوامبن لە خویندن بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و دووری نیوان قوتابیان لە قوتابخانەکان بەتایبەت کە خوێندن لە قۆناغەکانی دیکە ڕاگیراوە، ئەوەش دەرفەتێکی بۆ ئەو قوتابخانانەی قوتابیان زۆرەو دەکرێت پۆلەکانی دیکە بەکاربهێنن تاوەکو دوری نیوان قوتابیان و خوێندکاران بەپێی ڕێنماییەکان بێت، بەهەمان شیوەش لەم قۆناغە کە قەدەغەی نیمچەیی هاتوچۆ ڕاگەیەنراوە دەوامی فەرمانگەکان ئاسایی دەبێت".

 

باسی لەوەشکرد، لە ئەگەری زیاتر بوونی ژمارەی توشبووان و خراپتربوونی دۆخەکە ئەوکات لەلایەن لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هەلسەنگاندنی دۆخەکە دەکرێت و پێکەوە بڕیاری دیکە دەدرێت، چونکە بڕیارەکان بە تەنها وەزارەت و کەسێک نادرێت و پێویستی بە هەڵسەنگاندن و پێشنیاری سەرجەم لایەنەکان دەبێت."



پێشتر بەهۆی زۆربوونی ژمارەی توشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانە و خوێندنگەکانی دا لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی تاوەکو کۆبوونەوەی 10ی نیسانی لیژنەی باڵای ڕوبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، شەوی ڕابردووش وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەی خۆیدا قەدەغەی نیمچەیی هاتوچۆی لەسەرجەم پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان ڕاگەیاند لە کاتژمێر 8ی شەو تاوەکو 6ی بەیانی.

 

لەلایەکی دیکەوە لە کۆبوونەوەی 7ی نیسانی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە باس لەوەکرا دوو بژاردە بۆ خوێندنی دیاریکراوە ئەوانیش یاخود بەردەوامی داخستنی قوتابخانەکان تاوەکو هەلسەنگاندنی دۆخی تەندروستی یاخود درێژەدان بەخوێندن لەڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنی. باس لەوەشکرا، خوێندن لە پۆلی 12ی ئامادەیی بەردەوام دەبێت و لە زانکۆکانیش بەشێوەی ئاوێتەیی و بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامدەبێت.