ناس کورد-
لەدوای تێکچوونی تەندروستیی یەکێک لەو کەسانەی ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتووە، تەندروستیی هەولێر دەڵێت، ئەو کەسە توشی ئازاری لەش و تا هاتووە کە ئەو نیشانە لاوەکیانە چاوەڕوانکراوە و لەهەندێك کەس ڕوودەدات و لەوانەیە بۆماوە ۲٤ بۆ ٤۸ کاتژمێر بمێنێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دوای لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مامۆستا محەمەد سەباح، وەک یەکەمین مامۆستای ئایینی لە هەرێم ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرت، شەوی ڕابردوودا لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە، "بەداخەوە پاش سێ ڕۆژ لە بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆڕۆنا لە ڕۆژی دووەمەوە تەندروستیم تەواو تێکچووە، ئێستاش کەوتمە نەخۆشخانەی فریاکەوتن ئێمە زیاد لە 10 کەس ئەم ڤاکسینەمان بەکارھێنا تەنھا من تەندروستیم تێکچووە."
لەوبارەیەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، " ئەو کەسە لەڕۆژی دووشەمە بەرواری ٥/٤/۲٠۲۱ بەیانیەکەی لە بنکەیەکی تەندروستی پێکوتەی دژە کۆڕۆنای وەرگرتووە و لەڕۆژی دوایی سێشەممە ٦/٤/۲٠۲۱ تووشی ئازاری لەش و تاهاتووە کە ئەم نیشانە لاوەکیانەی وەك تا و لەرز و ژانی لەش چاوەڕوانکراوە و لەهەندێك کەس ڕوودەدات و لەوانەیە بۆماوە ۲٤ بۆ ٤۸ کاتژمێر بمێنێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئەو نەخۆشە دوێنێ چوارشەممە ۷/٤/۲٠۲۱ سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کردووە و چارەسەری تەواوی پێشکەش کراوە بۆ ماوەیەکی کاتی ماوەتەوە و دواتر نێردراوەتەوە ماڵەوە، تیمی پاراستنی تەندروستی پەیوەندی بەناوبراوەوە کردووە و بەردەوام چاودێری دۆخی تەندروستیی ئەو بەڕێزە دەکات تەنها پێویستی بە پشوو هەیە لەگەڵ ئەو چارەسەریانەی کە تا دێننە خوارەوە."
ئەو مامۆستا ئایینیە ڕاشیگەیاندووە، " ئێستاش داوا لەھاوڵاتیان دەکەم خۆیان بپارێزن و ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاربھێنن بەھیوای سەلامەتی ھەموو لایەک."