گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ڕونکردنەوەى پارتى لەبارەى بەستنى هاوپەیمانى بۆ هەڵبژاردن 

2021.04.07 - 23:33
App store icon Play store icon Play store icon
ڕونکردنەوەى پارتى لەبارەى بەستنى هاوپەیمانى بۆ هەڵبژاردن 

ناس کورد-

سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایگەیاند، تا ئێستا لەگەڵ هیچ لایەنێک هاوپەیمانییان نەکردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

خەسرەو گۆران (7ی نیسانی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ ناس کورد وتی "تاوەکو ئێستا وەکو پارتی هیچ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ لایەنەکان نەکردووە بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق".

 

سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق وتی "هیچ قسەیەکی لەسەر ناکەم و لە ئێستادا زووە ئەو پرسە قسەی لەسەر بکەین".

 

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر، سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاری عێراقی ئاشكرایكرد پارتی لەگەڵ سەدرییەكان سەرقاڵی هاوپەیمانییە بۆ هەڵبژاردن و یەكێتی لەگەڵ ڕەوتی حیكمەی عەممار حەكیم.   

 

فەرهاد عەلائەدین لە شیكارێكدا كە وەك چاودێری ڕەوشی سیاسی عێراق و پێشهاتەكانی هەڵبژاردن ئامادەی كردووە و وێنەی داوەتە "ناس كورد" (3 ئازاری 2021) ئاماژە بەوە دەكات لەماوەی مانگێكدا سێ شاندی پارتی سێ جار سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دانوستانی قوڵیان كردووە لەبارەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و دەڵێت "پارتی نەرمییەكی بێ پێشینەی نواندووە".  

  

فەرهاد عەلائەدین باس لەوەش دەكات پارتی لەگەڵ سەدرییەكان زۆر چووەتە پێش و داوای هاوپەیمانێتییەكی درێژخایەتی كردووە، بەڵام سەدرییەكان رەتیانكردووەتەوە چونكە ئەیانەوێ بەتەنها بەشداری هەڵبژاردن بكەن.  

  

هەروەها دەڵێت ئەوەی جێگەی سەرنجە پارتی دەیەوێت بەتەنها هاوپەیمانێتی گرێ بدات، مەرجیشی ئەوەیە هێزە كوردییەكانیتری لەگەڵدا نەبن و پۆستە باڵاكانی كورد وەرگرێت دواتر لەوانەش سەرۆكایەتی كۆمار.   

  

سەبارەت بەیەكێتی نیشتمانی فەرهاد عەلائەدین ئەوە دەخاتەڕوو گەیشتوونەتە لێكگەیشتنی تەواوەتی لەگەڵ عەممار حەكیم بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی.  

  

مەیادە نەجار، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان (2ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ"ناس کورد" ڕایگەیاند، "بەشێکی زۆر لە لایەنە عێراقییەکان خواستی ئەوەیان هەیە لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتی دروست بکەن، ئەوەش بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق".    

  

لە وەڵامی پرسیاری ئایا پارتی و سائیرون گفتوگۆیان کردووە لەبارەى دروستکردنی هاوپەیمانێتی، مەیادە نەجار وتی پێی باش نییە لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات.    

  

وتیشی، "هێزە عێراقییە شیعییەکان و سوننەکان دەستپێشخەری ئەوەیان بۆ پارتی کردووە کە لە چوارچێوەی یەک هاوپەیمانێتیدا بن، پارتیش هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەولایەنانە دەکات کە بەرژەوەندی و مافە دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەرچاوبگرێت".    

  

بەوتەی مەیادە نەجار، "پارتی بەردەوام پابەندی پرنسیپەکانی خۆی بووە کە باوەڕی پێی هەیە وبەردەوام سیاسەتێکی نەگۆڕی پەیڕەوکردووە، بۆیە ئەو لایەنە عێراقیانەی خواستی ئەوەیان هەیە هاوپەیمانێتی لەگەڵدا پێکبهێنن".