گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا ناوەڕۆکى تانەلێدانى فراکسیۆنەکەیان لە بودجە ئاشکرا دەکات 

2021.04.07 - 21:07
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا ناوەڕۆکى تانەلێدانى فراکسیۆنەکەیان لە بودجە ئاشکرا دەکات 

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، چاوەڕێی بڵاوکردنەوەی پرۆژە یاسای بودجە دەکەن لە رۆژنامەی فەرمی بۆ ئەوەی لەدادگا تانەی لێ بدەن، دەشڵێت "پارێزەرێکیان بۆ ئەو دۆسیەیە تەوکیل کردووە و یەکەم بڕگەش کە بەنیازن تانەی لێ بدەن پرسی بەهای دینارە بەرانبەر بەدۆلار.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عالیە نوسەیف (7ی نیسانی 2021) بە (ئێن ئێن سى)ى ڕاگەیاند "یاداشتی تانەلێدان لەپڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ئامادەکراوە، چاوەڕێ دەکەین پرۆژە یاساکە لەڕۆژنامەی وقائیعی عێراقدا بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی دەست بەکارەکانمان بکەین".

 

وتیشی"پارێزەرێکمان بۆ دۆسییەکە تەوکیل کردووە، و یەکەم بڕگەش کەبەنیازین تانەی لێ بدەین لەپرۆژە یاساکەدا، پرسی بەهای دینارە بەرانبەر بە دۆلار".

 

هاوکات بەپێى راپۆرتێکى رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى چاپى لەندەن، دەوڵەتى یاسا کە زیاندمەندترین هاوپەیمانێتییە بەهۆى پەسەندکردنى بودجەوە بڕیاریداوە لەبەردەم دادگاى فیدراڵى تانە لە یاساکە بدات، کە هەندێک بە "خۆڵ خستنە چاوى خەڵک" ناوى دەبەن، چونکە بودجە چاوەڕوانى جێبەجێکردنە دواى پەسەندکردنى لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە. 

 

عالیە نوسەیف پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا دەڵێت، هاوپەیمانێتییەکەیان سێ تانەى لەسەر یاساى بودجە ئامادەکردووە کە پەیوەستن بە وانەبێژان و نرخى دۆلار و پشکى هەرێم. 

 

وتیشى "هێشتا دۆخەکە لەبارە بۆ راستکردنەوەى هەوڵەکان و هەڵگرتنى ستەم لەسەر وانەبێژانى خۆبەخش".

 

عالیە نوسەیف داواشى لە سەرۆک کۆمار کردووە تانە لە بڕگەى تایبەت بە وانەبێژان بدات و بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان.

 

فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا چوارشەممەى رابردوو دانیشتنى پەرلەمانى بۆ پەسەندکردنى بودجە جێهێشت و هەشت داواکارییەکى خستەڕوو بۆ دەنگدان بە بودجە، کە پەیوەندیدارن بە نەوتى هەرێم و قەرز و نرخى دۆلار و چەند پرسێکى دیکەوە.

 

هاوپەیمانێتییەکە هەینى رابردوو ئەو هەواڵانەى رەتکردەوە کە هۆکارى ئامادەنەبوونى هاوپەیمانێتییەکە بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دەگەڕێننەوە بۆ بوونى مەرجى پێدانى پۆستى باڵا.