ناس کورد-
ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک کراون لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و تەوەری گفتوگۆکانیش ئاشکرا دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان (7ی نیسانی 2021) لە لێدوانیکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک کراون لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
وتیشی "تەوەرەی گفتوگۆکان باس لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و یەکڕیزی لایەنەکان دەکرێت و هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و گرنگی یەکدەنگی کورد دەکرێت بۆ پرسە سیاسییەکان".
لەبارەی ئەوەی ئایا کەسی یەکەمی حزبەکان ئامادەی دانیشتنەکە دەبن، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، "مەرج نییە، ئێمە بانگهێشتی سەرجەم لایەنەکانمان کردووەو پێمان باشە سەرجەمیان ئامادەی کۆبوونەوەکەبن بەپێی زانیارییەکانیش ژمارەیەک لە کەسی یەکەمی حزبەکان بەشداردەبن".