گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

هەڵمەتە پێشوەختەكانی هەڵبژاردن: نرخی دۆلار و مژدەیەكی خۆش

2021.04.07 - 17:04
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵمەتە پێشوەختەكانی هەڵبژاردن: نرخی دۆلار و مژدەیەكی خۆش

ناس کورد-

هێشتا شەش مانگی ماوە بۆ وادەی هەڵبژاردنە پێشوەختە گشتییەكەی عێراق بەڵام هێزە سیاسییەكان و فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانی بەغدا یاسای بودجەیان كردووەتە تەوەرەی سەرەكی هەڵمەتەكانیان بۆ بانگەشەی پێشوەختەی ئەو وێستگە جومگەییە. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەسەروبەندی پەسەندكردنی یاسای بودجەی ئەمساڵ (31ى ئازارى 2021) هاوپەیمانێتییەكەی دەوڵەتی یاسا شەش مەرجی راگەیاند بۆ بەشداریكردنی دەنگدان، پاش بایكۆتكردنی دانیشتەكەش ئێستا خۆی بە " تاقە بەرگریكاری مافی هەژاران" و "پێداگر لەسەر گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ 118 هەزار دەناسێنێت". زۆرێك لەچاودێرانیش ئەمە بەبانگەشەیەكی هەڵبژاردن دەدەنە قەڵەم ئەگەرنا دۆخی ئێستای دارایی عێراق رێگە بەگێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ جاران نادات.

 

جگە لە نرخی دۆلار كە جگە لە (دەوڵەتی یاسا) ی مالیكی بەگشتی هاوپەیمانێتی فەتحی حەشدی شەعبی جەختی لێدەكاتەوە و گفتی داوە بیكاتە كێشەی سەرەكیی خۆی، راگەیاندنی مژدەی دامەزراندن لەسەر میلاكی كەرتی گشتی تەوەرەیەكیتری بانگە پێشوەختەكانە و لەدوا پەرەسەندنی ئەم دۆسیەشدا دوێنێ (6 نیسان) حكومەتی عێراق ناچاركرا 209 هەزار وانەبێژی پەروەردە بكاتە گرێبەست، جگە لەوەش هەندێك لە پەرلەمانتاری فراكسیۆنە شیعەكان گفتی دامەزراندنی 15 هەزار كەس لەسەر میلاكی حەشدی شەعبی ناوبەناو رادەگەیەنن بەو پێیەی بودجەی دەستەكە زیادكراوە.

 

هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە مێزگردێكی كڵەب هاوسدا كە "ناس كورد" بەشداری تێداكردووە، سەرجەم راگەیەنراوەكانی "مژدەیەكی خۆش" و "مژدە مژدە"ی لیستە سیاسییەكانی بەهەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردن دایە قەڵەم و وتیشی هەر مژدەیەك لەوانە چەند ملیار و ترلیۆنێك لەسەر دەوڵەت دەكەوێت. بۆ نرخی دۆلاریش جبوری وتی "شتێكی ڕوونە كە ناتوانرێت بگەرێنرێتەوە دۆخی جارانی لەئێستادا چونكە ئەوەش پارەیەكی زۆری پاڵپشتیكردنی دۆلاری پێویستە كە لەبەردەستدا نییە".

 

د. یەحیا كوبەیسی كە توێژەرێكی سیاسی عێراقییە، باس لەوەدەكات "جوانترین شت لە بودجەی 2021 ئەوەیە كە زۆربەی مادەكانی وەك كراس بەبەری لیستە سیاسییەكان دووراوە و دەتوانیت زۆربەی مادەكانی بناسیتەوە". كوبەیسی لە وتارێكی شیكاریدا كە "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە چەند نمونەیەكی لەو مادانەی بودجە خستوەتەڕوو كە بۆ مەبەستی هەڵبژاردن لەپەرلەمان تێپەڕێنراون بەتایبەت پرۆژەگانی وەبەرهێنان كە بەقسەی ئەو لەلایەن كۆمپانیای حیزبەكانەوە بۆ مەرامی هەڵبژاردن جێبەجێ دەكرێن.

 

سالم مەشكور كە نوسەر و چاودێرێكی سیاسییە لە پەیجی خۆی نووسیویەتی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان چەند رۆژێك بەر لەئێستا سكاڵای ئەوەی كردووە كە هەر پارێزگایەك و چوار زانكۆی تێدایە، كەچی هەر خۆی دوێنێ "مژدە" یەكی بۆ دەنگدارانی لە بابل راگەیاندووە كە زانكۆیەك لە مەحاویلی باكوری پارێزگاكە دەكرێتەوە و لەبودجەدا 10 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە!

 

چاودێران هۆشداری دەدەن كە قەبەكردنی خەرجی بەگەڕخستن لە عێراقدا و ئەم كشانە بۆ كەرتی گشتی سەقفی بودجەی ساڵانی داهاتوو بەجۆرێك بەرز دەكاتەوە جگە لەقەرزكردنی زیاتر یان بەرزكردنەوەی نرخی دۆلاری فرۆشی نەوت یان لێبڕینی مووچە، چاریتر لەبەردەم حكومەتدا نەمێنێت، نمونەش بەوە دەهێننەوە هەر لەم دوو ساڵەی دواییدا جگە 100 هەزار گرێبەستی وەزارەتی كارەبا (بڕیاری 315) ئەوە نزیكەی 210 هەزار وانەبێژیشی چووەتە سەر، لەگەڵ هەزاران پلەی وەزیفی حەشدی شەعبی لەكاتێكدا عێراق لەژێر ڕەخنەی توندی بانكی نێودەوڵەتی و ئاژانسە ئابوورییە جیهانییەكاندایە لەبەر قەبەبوونی زۆری كەرتە گشتییەكەی لە غیابی كەرتی تایبەتی راستەقینەدا.