ناس کورد-
کۆمپانیایەکى تایبەتمەندى فڕۆکەوانیى لە میسر بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکیان لە پایتەختى چادەوە بەرەو قاهیرە کەوتووەتەڕێ و لەڕێگا بەهۆى ئەوەى ژنێک لەناو فڕۆکەکەدا مناڵى بووە فڕۆکەوانەکە بەناچارى ئاڕاستەکەى گۆڕیوە و نیشتووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا (7ى نیسانى 2021) کۆمپانیاى میسرى فڕۆکەوانى لەسەر ئەو ڕوداوە ڕایگەیاندووە، ئەو فڕۆکەیە لە نەجامیناى پایتەختەوە هاتووە و بڕیاربووە کاتژمێرى 5:50 خولەکى دوێنێ شەو لە فڕۆکەخانەى قاهیرە بنشێتەوە، بەڵام فڕۆکەوانەکە ئاڕاستەکەى گۆڕیووە و بەناچارى لەفڕۆکەخانەى ئەسوار لە باشورى میسر نیشتووەتەوە ئەوەش بەمەبەستى دڵنیابوون لە تەندروستى ئەو دایکە و مناڵەکەى کە لەناو فڕۆکەکەدا مناڵى بووە.
ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییە ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، هەموو ڕێوشوێنێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ڕوداوەدا بەخێرایى گیراوەتەبەر و چەندین کەسى ترى ناو فڕۆکەکە هاریکارى ژنەکەیان کردووە بەتایبەت وا ڕێکەوتووە گەشتیارێک لەناو فڕۆکەکەدا بووە کە خوێندکارى قۆناغى شەشەمى کۆلێژى پزیشکى بووە و مامانى بۆ ژنەکە کردووە.
بەوتەى ئەو کۆمپانیایە، دواى چارەسەرکردنى گرفتى ئەو ژنەى کە مناڵى بووە، جارێکى تر فڕۆکەکە بەرەو فڕۆکەخانەى قاهیرەى پایتەخت دەستى بەگەشتەکەى کردووە.