گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی لە ناس کورد

ئاستی ئاوی بەنداوى دەربەندیخان کەمترینە لە 60 ساڵی ڕابردوودا

2021.04.07 - 15:23
App store icon Play store icon Play store icon
ئاستی ئاوی بەنداوى دەربەندیخان کەمترینە لە 60 ساڵی ڕابردوودا

ناس کورد-

گلدانەوەى ئاو لە بەنداوى دەربەندیخان کەمترین ئاستى تۆمارکرد لەمێژووى دروستکردنى بەنداوەکەوە تا ئێستا لەماوەى 60 ساڵدا، ئەوەش بەهۆى چەند هۆکارێکەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەى دوو ساڵە بەهۆى کەمى باران بارینەوە ئاستى ئاو لەبەنداوەکانى هەرێم لەکەمبوونەوەدایە، دواى ساڵێکى پڕ باران لە ساڵى 2019 کە پڕبوونى بەنداوەکانى لێکەوتەوە.

 

خراپترین لە 60 ساڵدا


بەنداوى دەربەندیخان ئەمساڵ لەدوو لاوە روبەڕووى گرفت بووەتەوە، کە باران بارین و گلدانەوەى ئاوى زیاتر لەدیوى ئێرانەوە لەسەر ئەو سەرچاوانەى دەڕژێنە بەنداوەکەوە.

me_ga.php?id=3148

ڕەحمان خانى، بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد"ى راگەیاند، ئەمساڵ ساڵێکى زۆر خراپە بۆ داهاتى ئاو، بەنداوەکە کەمترین بڕى ئاوى تێدایە لەمێژووى دروستبونییەوە تا ئێستا واتە لەماوەى 60 ساڵدا.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەمساڵ ئاستى بەنداوەکە بەراورد بەساڵى رابردوو 18 مەتر ستونى کەمترە، کە ملیارێک و 350 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت. ئێستا بەنداوەکە ملیارێک و 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە، کە بەشێکى بە ئاستى مردوو دادەنرێت و بەهۆى قوڕولیتەوە ناتوانرێت سودى لێببینێت.

 

بەپێی ئامارەکانى بەنداوى دەربەندیخان کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، ساڵى رابردووش ئاستى ئاوى بەنداوەکە حەوت مەتر کەمیکردووە، واتە لەماوەى دوو ساڵدا ئاستى ئاوى بەنداوەکە 25 مەتر کەمیکردووە.

 

بەنداوى دەربەندیخان لە زستانى 1961 دروستکراوە، لەسەرەتادا تواناى گلدانەوەى سێ ملیار مەتر سێجا ئاوى هەبووە، دواتر بەهۆى تەمەنى بەنداوەکەوە ئاستى گلدانەوەى بۆ دوو ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا کەمیکردووە.

 

رەحمان خانى باسى لەوەکرد، ساڵى رابردوو هەرچەندە ئاستى ئاو رووى لەکەمبوونەوە کردووە، بەڵام ناچاربوون بەشێک لەئاوەکە بەربدەنەوە.

 

ئەو ئاوەى دەڕژێتە ناو بەنداو دەربەندیخانەوە سەرچاوەى 68%ى ناوچە شاخاوییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانە، 18% ى سەرچاوەکەشى لە ئێرانەوە دێت، ئەوەى دیکەشى کە دەمێنێتەوە لە (زەڵم و ڕیشێن و سەراو و چەمەکانی تری شارەزور)ەوە دێن.

 

رەحمان خانى دەڵێت، دروستکردنى بەنداوێکى زۆر لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانى دەربەندیخان و گلدانەوەى ئاوى زیاتر بۆ ئەمساڵ کاریگەرى زۆر گەورەترى هەیە بەتایبەتى لەسەر کەمکردنەوەى ئاوى دەربەندیخان.

 

پلانى بەنداوەکە

me_ga.php?id=3143
لەئێستادا بەرپرسانى بەنداوەکە سەرقاڵى دانانى پلانن بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاستى ئاوەى لەبەنداوەکەدایە، ئەگەر ئاستى ئاو تا حوزەیرانى ئەمساڵ روو لە بەرزبوونەوە نەکات.

 

پلانى ساڵانەى بەنداوەکە بۆ کۆکردنەوەى ئاو لە 1-10 تا 31-5 دەخایەنێت و لەسەر بنەماى کۆکردنەوەى ئاو لەو ماوەیەدا بڕیار لەسەر ئاستى بەردانەوەى ئاو دەدرێت.

 

بەهۆى کەمى ئاستى ئاوەکەوە، رەحمان خانى پێشبینیدەکات ئەگەر دۆخەکە وەک ئێستا بمێنێتەوە، ئەو ئاوەى هەیە تەنها بۆ خواردنەوە و ئاودانى باخ و دار بەکاربهێنرێت و بەکارهێنانى بۆ کشتوکاڵ زۆر زەحمەت بێت.

 

ئەو ناوچانەى پشت بەئاوى بەنداوى دەربەندیخان دەبەستن لەدەربەندیخانەوە تا گەرمیان و حەوزى دیالە درێژدەبێتەوە، ئەو ئاوەى لەزستان و بەهاردا کۆدەکرێتەوە بەپێی بەرنامەیەک بۆ ئەو ناوچانە بەردەدرێتەوە بۆ مەبەستى جۆراوجۆر، کە دیاترینیان ئاوى خواردنەوە و کشتوکاڵە.

 

کێشەى نوێ

me_ga.php?id=3144
سەربارى کێشەى کەمى ئاو، لە ئێستادا بەنداوى دەربەندیخان روبەڕووى کێشەیەکى دیکە بووەتەوە، ئەویش نەگەیشتنى ئاوى بەنداوەکە بەپێی پێویست بە بەنداوى حەمرین لە پارێزگاى دیالە کە پشت بە ئاوى دەربەندیخان دەبەستێت.

 

بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان باسى لەوەکرد، بڕیارە لەدوو رۆژى داهاتوودا لەو بارەیەوە لەگەڵ بەغدا کۆبنەوە بەمەبەستى چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە، کە بەشێکى بەهۆى زیادەڕەوى و گۆڕینى ڕێڕەوى ئاوەوە دروستبووە.