گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دوو ئەگەر بەردەستن’’.. ناس کورد زانیارى نوێ لەسەر لێبڕینى موچە ئاشکرادەکات

2021.04.07 - 12:02
App store icon Play store icon Play store icon
’’دوو ئەگەر بەردەستن’’.. ناس کورد زانیارى نوێ لەسەر لێبڕینى موچە ئاشکرادەکات

ناس کورد-

لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان دوو ئەگەرى بۆ لێبڕینى موچەى فەرمانبەران تاوتوێکردووە و پێشبینى بەردەوامى لێبڕین دەکات بەڵام بەڕێژەیەکى کەمتر، چاەڕوانى وەڵامى حکومەتیشە بۆ ئەوەى پرسەکە بەتەواوى روون بکاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پرسی لێبڕینى موچە تەوەرێکى سەرەکى کۆبوونەوەى دوێنێ سێشەممەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان بوو، کە یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەکە بوو دواى پەسەندکردنى پڕۆژەى بودجەى عێراق کە پرسی نەهێشتنى لێبڕینى موچەى هێناوەتەوە بەرباس.

 

لیژنەکە لە کۆبوونەوەکەیدا بڕیاریدا لەسەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران، نوسراوێك ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات بۆئەوەی میوانداریى نوێنەری حکومەتى هه‌رێم بکرێت له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ تاڕوونکردنەوە لەسەر ڕێکكەوتنی نێوان بەغداو ھەرێم و ئەو میکانیزمانەی کە لەسەری ڕێکەوتوون بداته‌ لیژنه‌كه‌.

 

ئەرشەد حسێن، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، چاوەڕوانى وەڵامى حکومەت دەکەن بۆ وەڵامى ئەو نوسراوەى لەو بارەیەوە پێشکەشیان کردووە، بۆ ئەەى پرسەکە بەتەواوى روون بێتەوە.



وتیشى، ئەوان پێیانوایە دوو ئەگەر هەیە بۆ پرسی لێبڕینى موچە، کە یەکێکیان پەیوەندیدارە بە ناردنى تەواوى پشکى هەرێم بەپێی بودجەى عێراق، یاخود جێبەجێنەکردنى یاساکە و نەناردنى هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم.

 

ئەرشەد حسێن پێشبینی کرد لە هەردوو ئەگەرەکەدا لێبڕینى موچە بمێنێت بەڵام ڕێژەکەى کەمبکرێتەوە، هەرچەندە جەختیکردەوە کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدا لێبڕین نەمێنێت.

 

بەپێی یاساى بودجەى عێراق، پشکى هەرێم نزیکەى 12 ترلیۆن دینارە، لە بەرانبەر پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە بە نرخى سۆمۆ، لەگەڵ نیوەى داهاتە فیدراڵییەکانى باج و گومرگ و خاڵە سنورییەکان.

 

حکومەتى هەرێم کە لە شوباتى ئەمساڵەوە بەلێبڕینى 21% موچە دابەش دەکات، بۆ دابەشکردنى موچەى بێ لێبڕین پێویستى بە نزیکەى 900 ملیار دینارە، بەڵام بەتەواوى دیار نییە دواى پابەندبوونەکانى بە بودجەى عێراق چەندى پارە بۆ دەمێنێتەوە.

 

زیاد جەبار، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان دوێنێ سێشەممە دواى کۆبوونەوەکەى لیژنەى دارایی جەختیکردەوە، ئێستا داهات لەهەرێمى کوردستان بەرزبووەتەوە، بۆیە پێویستە موچەى تەواوى دابەشبکرێت و کۆتایی بە لێبڕینى موچە بهێنرێت.

 

چاوەڕوان دەکرێت حکومەتى هەرێم لە پڕۆژەى بودجەى ئەمساڵدا کە بڕیارە بەم نزیکانە ڕەوانەى پەرلەمان بکرێت بۆ پەسەندکردنى، ئەو پرسە بەتەواوى یەکلایی بکاتەوە، بەڵام بۆ موچەى ئەم مانگە ئەگەرى بەهێز ئەوەیە لێبڕین بەردەوام بێت.

 

سەرچاوەیەک لە گەنجینەى سلێمانى بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، تائێستا ئاگادارنەکراونەتەوە لەوەى لیستى موچەى بێ لێبڕین ئامادەبکەن بۆ ئەم مانگە و هەر لیستەکەى پێشووە کە رێژەى لێبڕینى 21%ـە.

 

لەدواى پەسەندکردنى بودجەى عێراقەوە زیاد لە بەرپرسێکى حکومەتى هەرێم جەختى لە ئەگەرى بەردەوامى لێبڕینى موچە کردووەتەوە، ئەوەش ئەگەرى بەردەوامى لێبڕینى بەکراوەیی هێشتووەتەوە.

 

پەروین نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان (1ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند "لە یەکەم مانگی ناردنی پشکی هەرێم ئاسان نییە پاشەکەوتی موچە نەمێنێت، چونکە هەرێم دەبێت داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو 50% داهاتی ناوخۆ ڕادەست بکات، بەوەش ئاسان نییە لە یەکەم مانگەوە لێبڕینی مووچە لاببرێت".