گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازم فاروق: داوای لێبوردن ناکەم

2021.04.07 - 11:36
App store icon Play store icon Play store icon
کازم فاروق: داوای لێبوردن ناکەم

ناس کورد-

پەرلەمانی کوردستان ڕێگری لە کازم فاروق، سەرۆک فراکسیۆنی نەوەی نوێ کرد بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بێت و ناوبراویش جەخت دەکاتەوە کە داوای لێبوردن ناکات لە بەرامبەر تێگرتنی پێڵاوەکانی بە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژی 31ی ئازاری 2021، کازم فاروق پێڵاوى گرتە ڕێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمان دواى ئەوەى سەرۆکى پەرلەمان نەیهێشت قسەکانى تەواو بکات.

 

کازم فاروق لە دانیشتنەکەدا باسى لەدۆخى دارایی کرد و سەرۆکایەتى پەرلەمانى تۆمەتبارکرد بەوەى پەیڕەوى ناوخۆیان قۆستووەتەوە بۆ رێگریکردن لە قسەى پەرلەمانتاران.

 

هەر دوای ئەو ڕووداوە، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 73 پەرلەمانتار بڕیاری دا بە سزادانی کازم فاروق، سەرۆکى فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە بێبەشکردنی لە بەشداریی دانیشتنەکان.

 

زانیاری زیاتر بخوێنەوە: پەرلەمانی کوردستان سزای کازم فاروقی دا

 

ئەمڕۆ چوارشەممە (7ی نیسانی 2021) پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی خۆی ئەنجامدا بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای (هاوردەكردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان) کە کار لەسەر رێکخستنی هاوردەکردن و عەمبارکردنی سووتەمەنی دەکات بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو مەرج و ستانداردەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دیاری دەکات.

 

دوای ئەوەى ڕێگەی نەدا بەشداری بکات، کازم فاروق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "پۆلیسەکانی بەردەم باڵەخانەکەی پەرلەمان وتویانە کە فەرمانیان بۆ هاتووە تا نەهێڵن بچێتە ژوورەوە."

 

وتیشی، "من نوێنەری خەڵکی دهۆک، هەولێر و سلێمانی و شوێنەکانی دیکەم، سەرۆکایەتی پەرلەمان مافی ئەوەی نییە رێگریم لێبکات".

 

باسی لەوەشکرد، حزبەکانی دەسەڵات "ئەم وڵاتەیان وێرانکردووە" کەچی رێگە لە چوونەژوورەوەیان دەگرن و دەشڵێت، "هاوڕێکانم لە ژوورەوە سەرسەختانە بەرگری لە خەڵکی دەکەن".

 

ئەوەشی وت، "سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت تاوەکو رۆژی قیامەت چاوەڕێی ئەوەبن داوای لێبوردنیان لێبکەم".

 

وتیشی، رێگریکردن "لە چوونەژوورەوەی بۆ ناو باڵەخانەی پەرلەمان لە پەیڕەوی ناوخۆدا نەهاتووە، بڕیارەکەی ئەوان بۆ ئەوەیە بەشداری دانیشتنەکان نەکەم، نەک هەر مافی چوونەژوورەوەم نەبێت بۆ ناو باڵەخانەکەش".