گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’80 لاپەڕە تاوانی دژی مرۆڤایەتی’’

لە فەڕەنساوە سکاڵا لەسەر عادل عەبدولمەهدی تۆمار دەکرێت

2021.04.07 - 08:36
App store icon Play store icon Play store icon
لە فەڕەنساوە سکاڵا لەسەر عادل عەبدولمەهدی تۆمار دەکرێت

ناس كورد-

پێنج خێزانی عێراقی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا سکاڵایەکی یاساییان لەدژی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق تۆمار کردووە بە تۆمەتی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن" لەکاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی "ئۆکتۆبەر"ی ساڵی 2019، ئەوەش بەپێی قسەى پارێزەری کەیسەکە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جێسیکا فینال، پارێزەری کەیسەکە دەڵێت، سکاڵا یاساییەکە لە نوسینگەی داواکاری گشتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە دادگای پاریس تۆمار کراون.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێک، ئەو خێزانە عێراقییانە داوا دەکەن دادگای فەڕەنسا وەک قوربانی بیانناسێنێت.

 

ئۆکتۆبەری ساڵی 2019، هەزاران عێراقی بۆ ماوەى چەند مانگێک لەدژی گەندەڵیی و خراپی حکومەت و دەسەڵات ڕژانە سەر شەقامەکان، جوڵانەوەکە ناوی لێنرا "شۆڕشی ئۆکتۆبەر" و جگە لە گۆڕینی دەسەڵات، داوای چاکترکردنی خزمەتگوزاری گشتی و دابینکردنی هەلی کاریان دەکرد.

 

پارێزەری کەیسەکە دەشڵێت سەرباری ئەوەى دەستوری عێراق گەرەنتی ئازاری ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی کردووە، بەڵام ئەو خۆپیشاندانە بە شێوەیەکی دڕندانە سەرکوت کرا، پاشان چەندینجار دووبارەبوویە و فیشەک تەقێنرا، قەناس بەدەست بڵاوبوونەوە، گازی فرمێسکڕێژ بەکارهێنرا.

 

باسی لەوەشکردووە، "ڕفاندنی خۆپیشاندەران، دەستگیرکردنی بەبێ مۆڵەتی دادگا، ئەشکەنجەدان و زۆر سوکایەتی تری مەترسیدار لەدژی مافەکانی مرۆڤ، کە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تۆماری کردووە، ئەنجام دراون."

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەردا نزیکەی 600 کەس کوژران و 30 هەزار کەسیش برینداربوون کە زۆربەیان لە خۆپیشاندەران بوون کە لە بەغدا دەستیپێکرد و تەواوی پارێزگاکانی باشوری گرتەوە، چەندین چالاکوان تیرۆرکران کە هێشتا دەسەڵات دەڵێت ناسنامەی بکەرانی نازانێت.

 

سکاڵا یاساییەکە لەدژی عادل عەبدولمەهدی 80 لاپەڕەیە، پارێزەرەکە "تێوەگلانی دەسەڵات بەتایبەت عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی، تۆمار کردووە."