گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەرزی 120 و 150 ملیۆنی

بۆچی خەڵکی هەرێم ناتوانن لە بانکە عێراقییەکان قەرز وەربگرن؟

2021.04.06 - 21:26
App store icon Play store icon Play store icon
بۆچی خەڵکی هەرێم ناتوانن لە بانکە عێراقییەکان قەرز وەربگرن؟

ناس کورد-

هەفتانە بانکی ناوەندی و بانکەکانی سەر بە حکومەتی عێراق چەندین جۆر قەرزی درێژخایەن و کورتخایەن و بێ سوو بۆ فەرمانبەران و هاوڵاتیان ڕادەگەیەنن، بەڵام هاوڵاتیانی هەرێم ناتوانن سوود بەو خزمەتگوزارییانە وەربگرن و پەرلەمانتارێکیش هۆکارەکەى ئاشکرا دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامى هاوپەیمانێتی هیوا لە پەرلەمانى عێراق (6ى نیسانى 2021) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەو بانکە عێراقیانەى قەرز دەدەن بە هاوڵاتیان دوو بانکى سەرەکین، ئەوانیش ڕەشید و ڕافیدەینن، ئەم دوو بانکە "بە دەیان موڵکیان لە هەرێمى کوردستان لەلایەن بەرپرسانى پارتى و یەکێتییەوە داگیر کراون."

 

ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، ئەو بانکانە "نزیکەى 25 موڵکیان لە هەرێم هەیە، هەشتیان لە سلێمانى داگیرکراوە و تەنها دوو موڵکیان ماوە و لەسەر ئیدارەى گشتییە و لەلایەنچەند بەرپرسێکى یەکێتى بە نایاسایى تاپۆ کراون."

 

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیکردووەتەوە، لەگەڵ پەرلەمانتار ئەحمەدى حاجى ڕەشید گفتوگۆمان لەگەڵ بانکەکە کردووە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە و بە پارچە زەوى قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان، ئامادەیى لەلایەن تاپۆ و شارەوانى سلێمانى دەربڕدرا کە زەویان بۆ دابین بکەن و بگەڕێنەوە هەرێمى کوردستان، "بەڵام ئەوە ماوەى دوو ساڵە لەسەر قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت وەستاوین بۆ ئەوەى مۆڵەتى وەزارەتى دادى هەرێم وەربگرن بۆ گێڕانەوەى موڵکەکانى ئەو بانکانەوە و کارئاسانى وەزارەتى دارایى هەرێم لەگەڵ ئەو بانکانە، چونکە هەرکەس بیەوێت قەرز وەربگرێت دەبێت مەلەفى لە وەزارەتى دارایى هەرێم هەبێت."

 

سەرکەوت شەمسەدین جەختی لەوەشکردووەتەوە، "نزیکەى دوو ساڵە سەرقاڵى ئەوەین بەڵام قوباد تاڵەبانى وەڵام ناداتەوە، بۆیە ئەو بانکانەش نایەنە هەرێمى کوردستان تا ئەو موڵکانەیان وەرنەگرنەوە، بەتایبەتى بۆ پارێزگاى سلێمانى کە کارمان تێدا کردووە و گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایى."

 

ئەندامەکەى پەرلەمانى عێراق ئەوەشى ئاشکراکرد، "هەروەها بۆ بانکى ناوەندیش تائێستا لە سلێمانى زەوى بۆ دابین نەکراوە کە بەڵێن دراوە دوو بۆ سێ هەزار مەترى بۆ دابین بکرێت، بەڵام لە هەولێر 10 هەزار مەترى بۆ دابین کراوە، بێ خاوەنى و بێ ئیدارەیى لە سلێمانى هەیە و جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بە حساب نوێنەرى سلێمانییە، بەهیچ شێوەیەک گرنگى بە سلێمانى نادرێت و بە تەواوەتى فەرامۆش کراوە."

 

سەبارەت بەوەى کە چۆن قسەیان لەگەڵ ئەو بانکانەدا کردووە وتى، "هێنامانن بۆ سلێمانى و لەگەڵ تابۆ قسەمان کرد و چونە سەر موڵەکانیان لە سلێمانى، وەک تەلارى ئەسحابە سپى و تەلارێکیان ماوە لە پشت ژوورى بازرگانى کە ئەویش خەریک بوو بفرۆشرێت بەڵام فریاى کەوتین، تەلارێکی تریان ماوە کە بانکە و دەکەوێت نێوان ئۆرزدى و شەقامى پیرەمێڕد، لە هەشت موڵک کە یەکیان دەکەوێت ناوچەى هەورامان تەنها ئەو دوو موڵکەیان ماوە."

 

ئەوەشى ئاشکرا کرد، ئەو موڵکانە وەرگرنەوە ھەنگاوى یەکەم ئەوەیە لق دەکەنەوە و هەلى کار بۆ سەدان کەس دابین دەکەن، هەنگاوى دووەم ئەوەیە وەزارەتى دارایى هەرێم هەماهەنگی لەگەڵدا بکات بۆ ئەوەى هەر فەرمانبەرێک دەیەوێت قەرز وەربگرێت پشتگیرى بانکەکەى هەبێت بۆ ئەوەى ئەو بانکە بتوانێت لە موچەکەى قەرزەکەى وەرگرێتەوە.