ناس کورد-
لیژنهی دارایى باس له گرنگیی کاركردن لەسەر پڕۆژەیاسای خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ دهكات و بڕیاریدا لەوبارەیەوە نوسراوێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بکات بۆ ئەوەی پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی پەرلەمان بکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە 6ی نیسانی 2021، لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری، بەسەرپەرشتیی سەرۆکی لیژنەکە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی لیژنەکە، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لەگرنگیی کارکردن لەسەر پڕۆژەیاسای خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ کرا، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردا نوسراوێك ئاراستەی سهرۆكایهتیی پەرلەمان بکرێ بۆ ناردنی پرۆژەیاساکە لهلایهن ئهنجوومهنی وهزیرانهوه.
پێشتر، ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەکە بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ لەکاتی خانەنیشینیدا موچەکانیان زۆر کەمە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی پڕۆژەکە پێشنیازکراوە هێزەکانی ناوخۆ بەگوێرەی خزمەت موچەی خانەنیشینیان لەنێوان %60 بۆ %80ی کۆی موچە و دەرماڵەکانیان بێت و بەوەش موچەی خانەنشینی ئەو هێزانە زیاد دەبێت."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی لیژنەی دارایی، پرسی بودجە و موچەی فەرمانبەرانیش تهوهرێكی دیكهی كۆبوونهوهكه بوو و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا نوسراوێك ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێ بۆئەوەی میوانداریى نوێنەری حکومەتى ههرێم لهلایهن لیژنهكهوه بکرێ تا ڕوونکردنەوە لەسەر ڕێکكەوتنی نێوان بەغدا و ھەرێم و ئەو میکانیزمانەی کە لەسەری ڕێکەوتوون بداته لیژنهكه.