گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستى هاتەدەنگ

بەشێک لە ڤاکسینى کۆرۆنا لەهەرێم پێش بەکارهێنانى ’’مەترسى لەسەرە’’

2021.04.06 - 15:50
App store icon Play store icon Play store icon
بەشێک لە ڤاکسینى کۆرۆنا لەهەرێم پێش بەکارهێنانى ’’مەترسى لەسەرە’’

ناس کورد-

 

لەپاڵ هەڵکشانى بەردەوامى ئامارەکانى کۆرۆنا لەهەرێمى کوردستان، دامەزراوە تەندروستییەکان دەترسن بەشێک لەو ڤاکسینەى رەوانەى هەرێم کراوە بەسەربچێت پێش بەکارهێنانى، ئەوەش بەهۆى کەمى پێشوازى خەڵکەوە، هەرچەندە زیاتر لە نیوەى ڤاکسینەکە تا ئێستا بەکارهێنراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەهەرێمى کوردستان ماوەى مانگێکە کوتان بە دوو جۆر ڤاکسینى دژە کۆرۆنا دەستیپێکردووە، کە پێکهاتوون لە ڤاکسینەکانى سینۆفارمى چینى و ئەسترازینیکاى بەریتانى، بەڵام بەرپرسانى تەندروستى هۆشداری دەدەن لە کەمى ئەوانەى خۆیان دەکوتن بەراورد بەو ژەمە ڤاکسینەى دابینکراوە.

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، بەگشتى  48 هەزار و 800 ژەم ڤاکسین لەهەرێم بەردەستە بۆ بەکارهێنان کە بەشی 24 هەزار کەس دەکات، زیاتر لە 43 هەزار و 800 ژەمى لەجۆرى ئەسترازینیکایە و پێنج هەزار ژەمی لەجۆرى سینۆفارمى چینییە.

 

ڤاکسینەکان کە لەشێوەى کوتان دەدرێنە خەڵک بەکارهێنانیان جیاوازە، سینۆفارمى چینى یەک ژەمە و ئەسترازینیکا لەدوو ژەم پێکدێت لەنێوان سێ مانگدا.

 

سەرەڕاى بوونى ترس و پێشوازینەکردنى رێژەى پێویستى خەڵک لە ڤاکسینەکان لەبەشێک لەناوچەکانى هەرێم، هەڵپەساردنى بەکارهێنانى ڤاکسینە بەریتانییەکە لەژمارەیەک وڵاتى جیهان ترسەکەى زیاتر کرد، هەرچەندە بەرپرسانى تەندروستى هەرێم جەختدەکەنەوە کە تا ئێستا هیچ کاریگەرییەکە نەرێنى ڤاکسینەکە لەهەرێم تۆمارنەکراوە.

 

ترسەکان لەڤاکسینەکە لەسەر ئاستى جیهان پەیوەندیدارە بە تۆمارکردنى چەند حاڵەتێکى مردنى کەم بەهۆى توشبوونیان بە مەینى خوێنەوە لەدواى وەرگرتنى ڤاکسینەکە، لەناو ملیۆنان کەسدا کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و هیچ کێشەیەکى تەندروستیان بۆ دروستنەبووە.

د.ئاسۆ حەوێزى وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم بە "ناس کورد" ى راگەیاند، تا ئێستا 60-70% ى ڤاکسینەکان دراون بەوانەى پێویستە بکوترێن و بەپێی ئەو پلانەى لەبەردەستیانە پێش ئەوەى وادەی ڤاکسینەکە بەسەر بچێت سەرجەم ڤاکسینەکان بەکاردەهێنرێن.

 

وتیشى لەهەندێ ناوچە پێشوازى خەڵک کەمە لە ڤاکسین، بۆیە ئەوان هەڵمەتى هۆشیارى بەرێوەدەبەن بۆ ئەوەى خەڵک پێشوازى لە ڤاکسینەکە بکات.

 

بەپێی پۆلێنى وەزارەتى تەندروستى، له‌سه‌ره‌تادا ئەو گروپانەی مەترسییان لەسەرە له‌ ستافی پزیشكان و كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانی ته‌ندروستی، هێزه‌كانی ناوخۆ و دواتر ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشیی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ساڵاچووان ڤاکسینیان پێدەدرێت، لەئێستاشدا دەرگاى تۆمارکردنى ئەلیکترۆنى کراوەتەوە تا ئەوانەى خوازیان بکوترێن ناوى خۆیان تۆماربکەن.

رەهێڵ فەرەیدوون بریکارى وەزارەتى تەندروستى بۆ "ناس کوردى ئاشکراکرد، ئەو بڕە ڤاکسینەی لەبەردەستە تا 30ی نیسان دەتوانرێت بەکاربهێنرێت، ترسی ئەوە هەیە وادەکەی تەواو بێت و بەکارنەهێنرێن، چونکە هێشتا هاووڵاتیان دەترسن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە.  

 

رێژەى بەکارهێنانى ڤاکسینەکە لەسەر ئاستى پارێزگا و ناوچەکان جیاوازەو تائێستا بەفەرمى هیچ ئامارێک لەو بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە، لەئێستاشدا تەندروستى سەرقاڵى کۆکردنەوەى ئامارەکانە تا بەفەرمى ژمارەى ئەو کەسانە رابگەیەنێت کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

 

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى دەڵێت، سەرقاڵى کارکردنن بۆ کۆکردنەوەى ئامارەکان تا لە دوو رۆژى داهاتوودا ئامارەکانى پێدانى ڤاکسین بڵاوبکەنەوە.

 

بەوتەى بەرپرسانى تەندروستى، گەرمیان و هەڵەبجە و چەمچەماڵ لەسەروى ئەو ناوچانەوەن کە پێشوازییەکى کەمیان لە ڤاکسین کردووە و جگە لە هاوڵاتییان بەشێک لە کارمەند و پزیشکانیش ئامادەنین خۆیان بکوتن.

هێرش سەلیم جێگرى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى ئەمڕۆ سێشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، لەسلێمانى بەکارهێنانى ڤاکسین بەنزیکەیی کۆتایی هاتووە و زۆربەى ئەوانەى پێویستیان بووە پێیان دراوە.

 

جگە لە بوونى ترس لە ڤاکسینەکە، رەنگە بەکارنەهێنانى ڤاکسینەکە لەلایەن بەرپرسانى باڵاى هەرێمەوە، هۆکارێکى دیکەى پێشوازینەکردنى فراوانى خەڵک بێت، بەتایبەت کە لە وڵاتانى دیکە بەرپرسانى باڵا یەکەم کەس بەکاریان هێنا تا هاوڵاتییان هان بدەن بۆ بەکارهێنانی، ئەگەرچى لەهەرێم وەزیرى تەندروستى بەکاریهێناوە.

 

تا ئێستا دیار نییە پێشوازى خەڵک بەگشتى لەچەند هەفتەى داهاتوودا بۆ ئەو ڤاکسینە چۆن دەبێت کە یەکەمجار وەک فریادڕەسى کۆرۆنا ناسێنرا و لەئێستاشدا ترس لەبارەیەوە سەریهەڵداوە، سەرەڕاى جەختکردنەوەى ناوەندە تەندروستییەکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ سەلامەتى بەکارهێنانى و کارایی لەدژى ڤایرۆسەکە.