گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’سفر پەیوەندى’’...زانیارى نوێ لەسەر کەیسى پەلاماردانى غالب محەمەد ئاشکراکرا

2021.04.06 - 11:38
App store icon Play store icon Play store icon
’’سفر پەیوەندى’’...زانیارى نوێ لەسەر کەیسى پەلاماردانى غالب محەمەد ئاشکراکرا

ناس کورد-

 

پارێزەرى غالب محەمەد رایگەیاند، کۆمپانیاکانى ئاسیا سێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم وەڵامى نوسراوێکى دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانیان داوەتەوە لەبارەى کەیسى پەلاماردانى ئەو پەرلەمانتارە و و وتویانە کە تۆمەتبارەکە هیچ پەیوەندییەکى ئەنجامنەداوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وریا محەمەد ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسی هاوبەشدا لەگەڵ غالب محەمەد باسى لەوەکرد،  یەکەم رۆژى هێرشەکە فەرمانى دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارانى سەرەکى هێرشەکە دەرچووە، بەڵام بەهۆى دەستوەردان لە کاروبارى دادگا داواى گواستنەوەى دۆسیەکەیان کردووە بۆ بەغدا.

 

وتیشى "داواکە چووەتە دادگاى تەمیزى هەرێم، داوادەکەین رەزامەندى بدات بۆ گواستنەوەى کەیسەکە بۆ دادگاکانى عێراق، هەروەها سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى عێراق داوایەکى هاوشێوەى لە ئەنجومەنى دادوەرى هەرێم کردووە".

 

وریا محەمەد جەختیشیکردەوە، بەرەوپێشچونێکى وا لەکەیسەکەدا نییە بۆ دەستگیرکردنى تۆمەتباران.

 

غالب محەمەد، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى هیوا ( 26ى شوباتى 2021) لەبەردەم ماڵەکەى خۆى لە سلێمانى بە چەقۆ هێرشیکرایە سەر، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە. دۆسیەکە لەدادگاى سلێمانى بەپێی ماددەى 405 ى تایبەت بە کوشتن لێکۆڵینەوەى لەسەر دەکرێت، بەڵام هێشتا تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراوە، لەکاتێکدا پۆلیس لەرێگەى کامێراى چاودێرییەوە ناسیویەتییەوە.  

 

غالب محەمەد وتى "من دانیشتووى سلێمانى و بەغدام، ئەگەر کەیسەکەم نەگوازرێتەوە بەغدا خۆم کەیسێکى دیکە لەوێ دەکەمەوە و شکات لەهەموو بەرپرسانى هەرێم دەکەم، چونکە ئەوانە بەرپرسن لە هێرشەکە، خۆ هێرشبەرەکە لەخۆیەوە نەهاتووە هێرش بکات".

 

لەدوای هێرشکردنە سەر غالب محەمەد، هەواڵی دەستگیرکردنی سێ کەس لەسەر کەیسەکە بڵاوبووەوە و دواتریش هەواڵی ئازادکردنیان بڵاوبووەوە، بەڵام هیچ یەک لە پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی تاوەکو ئێستا نە لەسەر دەستگیرکردن و نە لەسەر ئازادکردنی ئەو سێ کەس هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.