گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’زیاتر ترلیۆنێک دینار داهات’’..یەکگرتوو لەسەر لێبڕینى موچە هۆشداریدەدات

2021.04.06 - 11:04
App store icon Play store icon Play store icon
’’زیاتر ترلیۆنێک دینار داهات’’..یەکگرتوو لەسەر لێبڕینى موچە هۆشداریدەدات

ناس کورد-

 

فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، هیچ پاساوێک نەماوە بۆ لێبڕینى موچە و داهاتى مانگانەى حکومەت زیاترە لە ترلیۆنێک دینار.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فراکسیۆنى یەکگرتوو ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە "ئێستا ھیچ بیانوویەك نەماوە بۆ لێبرینی مووچە بەتایبەت کاتێك نرخی بەرمێلێك نەوت گەیشتۆتە سەروو شەست دۆلاری ئەمریکی و حکومەتی ھەرێم مانگانە زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلاری لە داھاتی نەوت وگاز بۆ دهەمێنێتەوە".

 

رونیشیکردووەتەوە "داھاتی ناوخۆی ھەرێم گەیشتۆتە سەروو 250 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە زیاتر لە ترلیۆنێك دینار مانگانە لە کاتێکدا کۆی گشتی پێدانی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی ھەرێم زیاتر نیە لە 882 ملیار دینار مانگانە به‌پێی زانیاریه‌ ووردبینی نەکراوەکانی وەزارەتی داراییشەوە".

 

فراکسیۆنى یەکگرتوو دەڵێت "لەیاسای بودجەی عیراق، لە مادەی (11) دا بەروونی ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ دەبێت حکومەتی ھەرێم خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرە یاساییەکانی لەپێشینەی خەرجیەکانی تر بێت لەو داھاتەی که‌ له‌ یاسای بودجەی عیراق بەری دەکەوێت".

 

جەختیشیکردووەتەوە، هەموو فشارێك دەگرنە بەر لەگەڵ ھاوھەڵوێستەکانیان بۆ رێگریکردن لە "ستەمى لێبڕینى موچە".

 

لەدواى پەسەندکردنى بودجەى عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە، پرسی لێبڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم هاتووەتە ئارا، بەتایبەت کە پێشتر لێبڕینى موچە بەسترابووەوە بە پەسەندکردنى بودجەوە.  

 

پێشتر پەروین نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان (1ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لە یەکەم مانگی ناردنی پشکی هەرێم ئاسان نییە پاشەکەوتی موچە نەمێنێت چونکە هەرێمی کوردستان دەبێت داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو 50% داهاتی ناوخۆ ڕادەست بکات، بەوەش ئاسان نییە لە یەکەم مانگەوە لێبڕینی مووچە لاببرێت".  

  

وتیشى، "ئەو ژمارانەی دەوترێت کە گوایە هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەکات دروست نییە چونکە هەرێم پابەندکراوە بە ناردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەپێی نرخی سۆمۆ کە ئەویش گۆڕانکاری تێدا دەبێت".  

  

پەروین نورى ڕوونیکردەوە نرخی نەوت لە ڕێژەیەکی دیاریکراو نییە تا بزانرێت داهاتەکە چەندە کە هەرێم ڕادەستی دەکات جگە لەوەش ئەو داهاتەی حکومەتی بەغدا ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات، نازانرێت مانگانە چەندە.