گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عومرەکردن

سعودیە مەرجى نوێی بۆ عومرە دیاریکرد

2021.04.05 - 19:59
App store icon Play store icon Play store icon
سعودیە مەرجى نوێی بۆ عومرە دیاریکرد

ناس کورد-

وەزارەتى حەج و عومرەى سعودیە بڕیاری دا تەنها ڕێگە بەوانە بدرێت لە ڕەمەزاندا عومرە بکەن کە ڤاکسینى کۆرۆنایان وەرگرتووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەرپرسێکى وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسى فەرمیی سعودیەى ڕاگەیاند، بڕیاردراوە تواناى لەخۆگرتنى عومرەکاران لە مەککە بەرزبکرێتەوە، لەگەڵ پابەندبوون بە ڕێکارە تەندروستییەکان.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، تەنها ڕێگە بەو کەسانە دەدرێت لە ڕەمەزاندا عەمرە بکەن، کە دوو جار بە ڤاکسین کوتراون، یان جارێک کوتراون و 14 رۆژ بەسەریدا تیپەڕیوە، یاخود لە پەتاکە چاکبوونەتەوە.

 

بەرپرسەکە باسى لەوەشکردووە، بەجێهێنانى فەریزەى عومرە و رێوشوێنەکان لەو بارەیەوە لەرێگەى ئەپەکانى (اعتمرنا) و(توكلنا) ەوە دەبێت.

 

لەلایەکی ترەوە وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند، نرخی گەشتی عومرە لەئێستادا بۆ نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە، کۆمپانیایەکى تایبەتمەندى عومرەش پێشبینى بەرزبوونەوەى نرخەکە دەکات بۆ نزیکەى سێ هێندە لەمانگى ڕەمەزاندا.

 

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (5ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، پێش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەپێی پلانێکی وەزارەتی ئەوقاف نرخی گەشتی عومرە کەمکرایەوە بۆ نزیکەی 650 دۆلار زۆرترینى نزیکەی 900 دۆلار بوو.

 

وتیشى، "بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ڕێککارەکانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا نرخی گەشتەکان زیادیکردووە بۆ هەزارو 350 دۆلار کە نزیکەی دوو هێندەی نرخەکەی پێشترە".

 

نەبەز ئیسماعیل ڕوونیشکردەوە، لە ئیستادا ژمارەی ئەو عەمرەکارانەى دەخرێنە پاسێکەوە لە 50 کەسەوە کەمکراوەتەوە بۆ نیوە، جگە لەوەش مانەوە لە ئوتێل ئەگەر پێشتر چوار کەس لە ژورێکدا بووبێت ئێستا دەبێت بکرێتە دووکەس، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا، جگە لەوەی ئەگەر کەسێک توشی پەتاکە بێت لەسەر حسابی خۆی کەرەنتین دەکرێت.

 

سەبارەت بە ئەنجامدانی گەشتی عومرە لە مانگی ڕەمەزاندا، وتەبێژەکەی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێم وتی، "هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ ئەوانەی لە 18 بۆ 50 ساڵن گەشتی عومرە ئەنجامبدەن".

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى ئەوقاف، ژمارەی ئەو کەسانەی عومرە دەکەن کەمیکردووە بەجۆرێک لە 21ی 3ی 2021کەوە کە گەشتەکان دەستی پێکردووەتەوە سێ گەشت ئەنجامدراوە کە ژمارەیان کەمتربووە لە 100 کەس لەکاتێکدا ئاماری پێش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ساڵێک 26 بۆ 27 هەزار عومرە کار بووە.


لەلایەکی دیکەوە کارمەندێک لە کۆمپانیای پاڕەزان کە تایبەتە بە حەج و عومرە بۆ "ناس کورد" وتی "لە مانگی ڕەمەزاندا داواکاری بۆ ئەنجامدانی گەشتی عومرە زیاد دەکات و بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا داواکاری هەیە بەڵام زیاتر ئەوانەی گەشتەکە دەکەن پێیان خۆشە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەمەزان گەشتەکە ئەنجامبدەن".

 

لەبارەی نرخی عومرە لە مانگی ڕەمەزان وتی، "بۆ ڕۆژانی سەرەتای مانگی ڕەمەزان نزیکەی هەزارو 500 دۆلارە بەڵام بۆ ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕەمەزان نرخەکەی دەبێتە نزیکەی هەزارو 800 دۆلار".