گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى پەروەردە لەسەر بژاردەکانى خوێندن ڕوونکردنەوە دەدات

2021.04.05 - 17:44
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتى پەروەردە لەسەر بژاردەکانى خوێندن ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تائێستا هیچ بژاردەیەکیان پێشنیازنەکردووە لەبارەی کۆتاییهێنان بە خوێندنی وەرزی یەکەمی قۆناغەکانی ناکۆتاییەکان و چۆنیەتی هەژمارکردنی نمرەکان و چاوەڕوانى بڕیارى لیژنەى باڵاى کۆرۆنان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە پەروەردە چەند بژاردەیەکى ئامادەکردووە لەبارەى خوێندنەوە لەوانە، تاقیکردنەوەی نیوەی یەکەمی وەرزی یەکەم کە لەسەر20 نمرەیە بکرێت بەپێوەر بۆ کۆتایی هێنان بە خوێندنی وەرزی یەکەم یاخود کۆتایی بە ساڵی خوێندنی 2020 بۆ 2021 ی قۆناغەکانی ( 1 تاوەکو 11) بهێنرێت.

 

سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ( 5ی نیسانی 2021) لەلێدوانێکدا بۆ" ناس کورد" ڕایگەیاند "ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە لەبارەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ و بژاردەکانی وەزارەتی پەروردە، هەمووی دوورن لە ڕاستییەوە ئێمە بەهیچ شێوەیەک لێی بەرپرس نین".

 

وتیشی، "وەزارەتی پەروردە ڕێنمایی و سیاسەتی خۆی هەیە و پێشتر هەموو ڕێنماییەکانی تایبەت بە خوێندنی ئەمساڵی گشتاندووە و پەروەردەکان، قوتابخانەکان ومامۆستایانی لێی ئاگادارکراوەتەوە، بۆیە هەرشتێک بەفەرمی لەلایەن وەزارەتەوە بڵاونەکرێتەوە دوورە لەڕاستییەوە".

 

بەپێی نوێترین بڕیارى لیژنەى باڵاى روبەڕبوونەوەى کۆرۆنا، دەوامى سەرجەم قۆناغەکان جگە لە پۆلى 12 تا 10 ى ئەم مانگە راگیراوە و تا ئەوکاتە دەوام تەنها بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى نیوەى یەکەمى وەرزى یەکەمە.

 

لەبارەی پێشنیازەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆدۆخی خوێندن بە تاییەتی دوای تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، بریکاری وەزارەتی پەروەوردە وتی، "بڕیار لەلای لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە، وەزارەتی تەندروستی پێشنیاز دەکات بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە، داتا وئامارەکان لای ئەوانە، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ئەوان و بڕیاری لیژنەی باڵا، وەزارەتی پەروەردە کاردەکات".



هەروەها سەبارەت بە دابەشکردنی کۆدی خوێندنی ئۆنلاین بەسەرخوێندکاران و مامۆستایان لەلایەن کارگێری قوتابخانەکانەوە، سەیوان عەلی وتی، "ئەوە کارێکی تازە نییە، وەزارەتی پەروەردە ساڵی پار ئەو پرۆسەیەی ئەنجامداوە هەموو خوێندکارێک و مامۆستایەک کۆد و وشەی نهێنی خۆی پێدراوە بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە ناوسایەتی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەوە (ئیوانە)".

 

وتیشى، "ئەوەی لە ئێستادا کارگیری قوتابخانەکان کردوویانە کارێکی باشە وەک وەبیرهێنانەوەیەکە و مەبەست لێی خوێندکار ئاوێتە بێت لە نێوان خوێندنی ئۆن لاین وخوێندنی ناو پۆل".