گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

ئەزمونى وەرگرتنى ڤاکسینى ئەسترازینیکا لەزارى کیمیاگەرێکى کوردەوە

2021.04.05 - 15:21
App store icon Play store icon Play store icon
ئەزمونى وەرگرتنى ڤاکسینى ئەسترازینیکا لەزارى کیمیاگەرێکى کوردەوە

ناس کورد-

کیمیاگەرێکى کورد ئەزموونى خۆى لەوەرگرتنى ڤاکسینى ئەسترازینیکا دەگێڕێتەوە و ئاماژە بەو گۆڕانکارییانە دەدات کە لەدواى وەرگرتنى ڤاکسینەکە بەسەر لەشیدا هاتووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەعروف حەسەن، کیمیاگەر (5ى نیسانى 2021) لەبڵاوکراوەیەکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کرد، دوێنێ (شەممە) وەک کیمیاگەرێک کە لە نەخۆشخانە کار دەکات ڤاکسینى ئەسترازینیکاى وەرگرتووە.

 

ئاماژە بەوەش دەکات " شتەکان زۆر ئاسایی بوون لە ماوەی 9 کاتژمێری سەرەتا. دوای ئەمە و دروست لە کاتژمێر 8 ی ئێوارە، سەر ئێشەیەکی سووک گرتمی و هەستم بە سەرمایەکی کەم دەکرد، پلەی گەرمای دەرەوە 17 پلەی سیلیزی بوو، ئەم پلەیەش ناتوانێ مرۆڤ لە ژوورەوە تەنگەتاو بکات، بۆیە زانیم ئەمە سەرەتای گۆڕانە بەسەر لەشم دا و سەرەتای شەڕی دەستەو یەخەی ڤایرۆسەکە و بەرگری لەشی منە".

 

دەقى بڵاوکراوەکە:

 

ڤاکسینی (ئەسترازینیکا)م وەرگرت

هیوادارم بیخوێننەوە...

 

لە پێناو ڕەواندنەوەی ئەو ترسەی کە هەیە، بە باشم زانی، ئەو گۆڕانەی بەسەر لەشمدا هاتووە، بۆ ئێوەی باس بکەم، زۆر گرنگیشە، کە هەموو ئەوانەی ئەو ڤاکسینەیان وەرگرتووە یانیش وەریدەگرن، زانیارییەکان بڵاو بکەنەوە لەپێناو دەوڵەمەندکردنی بانکی زانیاری ئێمە.

 

کاتژمێر 10:30ی بەیانی ڕۆژی شەممە، بە بێ هیچ دوو دڵیی و ترسێک، وەک کیمیاگەرێک کە لە نەخۆشخانە دا کار دەکەم، خانمێکی پەرستار، ڤاکسینەکەی لێدام، ئەسترازینیکا، ئەوەی مرۆڤ دەکوژێت!

 

من بەر لەوەی ڤاکسینەکە لە خۆم بدەم، بڕیارم دابوو، کە مادام ترس لەو ڤاکسینە هەیە، بە تەواوی چاودێری ئەو گۆڕانکارییانە بکەم کە بەسەر جەستەم دا دێت، بۆیە هەر زوو، گەرمی پێوێک، ئامێرێکی فشاری خوێن و یەکێکیش هی لێدانی دڵ و ڕێژەی ئۆکسجینم لەلای خۆم دانا، لەگەڵ هەندێک میوە کە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین C و  بڕێک شیری قوتوش.

 

شتەکان زۆر ئاسایی بوون لە ماوەی 9 کاتژمێری سەرەتا. دوای ئەمە و دروست لە کاتژمێر 8 ی ئێوارە، سەر ئێشەیەکی سووک گرتمی و هەستم بە سەرمایەکی کەم دەکرد، پلەی گەرمای دەرەوە 17 پلەی سیلیزی بوو، ئەم پلەیەش ناتوانێ مرۆڤ لە ژوورەوە تەنگەتاو بکات، بۆیە زانیم ئەمە سەرەتای گۆڕانە بەسەر لەشم دا و سەرەتای شەڕی دەستەو یەخەی ڤایرۆسەکە و بەرگری لەشی منە. دروست لەو بارودۆخەی کە تێیدام، ڕووداو بڵاوی کردەوە کە 6 کەسیتر بە ئەسترازینیکا گیانیان لە دەست دا! فشاری خوێنم بەرز بووەوە و هەستکردن بە سەرماش زیادیکرد.

 

پلەی گەرمای لەشم: 32 و فشاری خوێنمیش گەیشتە: 14.8/8.6.

 

لە کاتژمێر 10 ی شەو، بڕیارمدا تێستی بەرگری لەشم بکەم و ڕێژەی ئەو تەنانەش بزانم کە بەرپرسن لە مەیاندنی خوێن، لە خوێنمدا. هەردووکیان ئاسایی بوون.

 

لە دوای کاتژمێر 12 ی شەو، واتە دوای 14 کاتژمێر مانەوەی ڤاکسینەکە لە لەشم دا، سەرمایەکی تەواوم گرت، لێدانی دڵم زۆر زیادیکرد: 115 لە خوولەکێک دا. فشاری خوێنمیش هەر بەرز بوو. کاتژمێر 3 ی بەرە بەیان، لەشم دەستی بە ژان کرد لە جومگەکانمەوە سەرەتا، دواتر پشت و شوێنەکانیدی، ئەمانە تا بەیانی بەردەوام بوون، بەڵام ئازارەکەی بەجۆرێک بوو، کە نەمدەتوانی بخەوم. من دەمزانی ئەم ئازارانە دەرهاویشتەی چاڵاکییەکانی بەرگری لەشمن لە دژی ئەو ڤایرۆسەی، کە هاوشێوەیەی کۆڕۆنا یە، کە ئەسترازینیکا دروستی کردووە لە جەستەم دا، بۆیە زۆر پێی دڵ خۆش بووم.

 

ڕۆژی دواتر، کاتژمێر 12، دوای 26 کاتژمێر، ساردی لەشم دابەزی بە ڕێژەیەکی زۆر، دڵم دەستی بە هێوربوونەوە کرد بەجۆرێک کە لە 115 وە بوو بە 83 و ڕێژەی ئۆکسجینی لەشیشم 93 بوو.

 

لە کاتژمێر 3 ی ئێوارە بەدواوە، فساری خوێنم هەڵبەز و دابەزی دەکرد، ئازاری لەشم هەر مابوو بەڵام بەرەو کەمبوونەوە دەچوو، ئیدی بەو شێوەیە.

 

ئەمڕۆ بەیانی، دوای 48 کاتژمێر، دوو شەو و دوو ڕۆژ، هەموو شتێک ئاساییە و فشاری خوێنم: 12.7/8.2 وە ڕێژەی ئۆکسجین: 97 و لێدانی دڵ: 76 ترپە لێدەدات لە خولەکێک دا و پلەی گەرمای لەشیشم جێگیرە.

 

هەموو ئەم گۆڕانکارییانە، گۆڕانکاری ئاسایین و هاوپێچ کراون لەگەڵ زانیارییەکانیتر لەبارەی ڤاکسینەکە. دەشکرێ لە کەسێکەوە بۆ یەکێکیتر بگۆڕێن. بۆیە بە باشی دەزانم هەموو ئەوانەی ڤاکسینەکەمان وەرگرتووە، چاودێری لەشمان بکەین و دواتر زانیارییەکان بڵاوبکەینەوە، بە ئومێدی ئەوەی ڕێژەی سەلامەتی ڤاکسینەکەمان بۆ دەربکەوێت.