ناس كورد-
پاش زنجیرەیەك خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەبەردەم پەروەردەی پارێزگاكان وەزیری پەروەردەی عێراق واژۆی لەسەر بەگرێبەست كردنی مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراندنی ئەوانەیان كرد كە پێنج ساڵ ڕاژەیان هەیە بەپێی یاسای بودجە و نوسراوەكەی بەرزكردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەیاننامەیەكی وەزارەتی پەروەردە كە وێنەی دراوەتە "ناس"، (5 نیسانی 2021) دەڵێت "وەزیری پەروەردە واژۆی لەسەر نوسراوێكی فەرمی كردووە بۆ بەگرێبەست كردنی مامۆستایانی وانەبێژ و جێبەجێكردنی بڕیاری 315 بەسەریاندا بۆ جێگیركردنی ئەوانەی ڕاژەی پێنج ساڵ و بەرەو سەریان هەیە بەپێی یاسای بودجە".
بەیاننامەكە ئەوەشی وتووە "نوسراوەكە بەفەرمی بەرزكراوەتەوە بۆ ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران و سبەی پەسەند دەكرێت".
هەروەها باس لەوەشكراوە وەزیری پەروەردە چاوی بەنوێنەری وانەبێژان كەوتووە، گفتی ئەوەشی پێداون داوای مافەكانیان بكات لە ئەنجومەنی وەزیران.