ناس کورد-
دوای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر بەهۆی زۆری بارانبارینەوە ئاوی بەنداوی دووکان لە "بیل ماوس"ی بەنداوەکەوە سەرڕێژی کرد، بەڵام ئەمساڵ ئاستی ئاوەکە 14 مەتر هاتووەتەخوار بیل ماوسەکە و بەڕێوبەری بەنداوەکەش دەڵێت، لە 10 ساڵی ڕابردوودا ئەمساڵ کەمترین بڕی ئاو لە بەنداوەکەدایە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەمی بارانبارینی ئەمساڵ مەترسیی وشکەساڵی و کەمی ئاوی لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە و لە ناوچەی گەرمەسێر بەشێکی زۆر لە کشتوکاڵی جوتیاران لە ناوچوون و ئاوی بەنداوەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیانکردووە.
بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە بەنداوی دووکان لە ساڵی 2019 لە "بیل ماوس"ـەکەیەوە سەرڕێژی کرد و ئاو گەیشتبووە سەر شەقامەکانی قەزای دووکان و بەهۆی مەترسیی زۆری ئاوەکەشەوە سەیرانگای قەزاکە داخرابوو.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان (دووشەممە 5ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی وت، "ساڵی 2019 ساڵێکی پڕباران و تۆفانی بوو، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ تائێستا لە سنوری قەزای دووکان 270 ملم باران باریوە کە بڕێکی زۆر کەمە."
وتیشی، "بەوهۆیەوە ئەمساڵ ئاوێکی زۆر کەم هاتووەتە بەنداوەکەوە و لەئێستادا ئاوی بەنداوەکە 14 مەتر لەخوار بیڵ ماوسەکەوەیە، هەرچەندە مەرج نییە هەموو ساڵێک پڕبێت و سەرڕێژ بکات، بەڵام بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو 14 لە خوار بیڵ ماوسەکە زۆرە و ئاوێکی کەم لە بەنداوەکەدایە."
بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان ئاماژەی بەوەشکرد، "ماوەی 10 ساڵە بەنداوەکە هێندەی ئەمساڵ کەمئاوی بەخۆیەوە نەبینیوە، کۆتاجار کە ئاستی ئاوەکە هێندە دابەزیبوو ساڵی 2008 و 2009 بوو کە ئەو دوو ساڵەش بارانێکی کەم باری."