گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’یاساى بودجە بۆ دوو ساڵ’’

پەرلەمانتارێکى پارتى: هەرێم و بەغدا جیاوازیی سێ مانگەکە هەژمار دەکەن

2021.04.04 - 21:12
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکى پارتى: هەرێم و بەغدا جیاوازیی سێ مانگەکە هەژمار دەکەن

ناس کورد-

 

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، هەرێم و بەغدا جیاوازى شایستە داراییەکانى سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵ لەگەڵ هەناردەى نەوت و پابەندبوونەکانى هەرێم هەژمار دەکەن و ئەوەى دەمێنێتەوە دەنێردرێت بۆ هەرێم.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شیروان دوبەردانى ئەمڕۆ یەکشەممە لە چاوپێەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى ئاماژەى بەوەکرد، یاساى بودجە لە سەرەتاى ئەمساڵەوە جێبەجێدەکرێت و دەبێت بەغدا و هەرێم پێوەى پابەندبن.

 

وتیشى وەزارەتى دارایی عێراق و هەرێم جیاوازییەکە حساب دەکەن و ئەوەى دەمێنێتەوە دەنێردرێت بۆ هەرێم و ئەوە پرسێکى هونەرییە.

 

دوبەردانى باسى لەوەشکرد، ئەگەر هەیە یاساى بودجە بۆ دوو ساڵ بێت.

 

بەپێی بەدواداچونى "ناس کورد"، حکومەتى هەرێمى کوردستان زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارى بۆ دەمێنێتەوە لەپشکى سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵ لە بودجەى عێراق، دواى داشکاندنى شایستە داراییەکانى ئەو سێ مانگە كە یاسای بودجە پێویستی كردووە.  

 

دواى پەسەندکردنى بودجەى عێراق، ئاراستەی سەرنج و قسەو باسەكان لەسەر رادەستکردنى شایستە داراییەکانى هەرێمن بۆ سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵ (2021)، بەڵام بەپێی یاساکە بۆ وەرگرتنى پشکى ئەو سێ مانگە، دەبێت هەرێمیش پابەندبوونەکانى لە بودجەدا جێبەجێ بکات تا پشکەکەى وەربگرێت.  

  

داهاتى نەوت  

 

لە یاساى بودجەى فیدراڵیدا بۆ 2021 ، هەرێمى کوردستان پابەندکراوە بەوەى داهاتى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى كۆمپانیای سۆمۆ رادەستى بەغدا بکات، نەک بەپێی ئەو نرخە ٤٥ دۆلارییەى لە بودجەدا بۆ نەوت دیاریکراوە.  

  

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى نەوتى عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، لەمانگى کانونى دووەمى ئەمساڵدا کۆمپانیاى سۆمۆ نرخى هەر بەرمیلێک نەوتى بە زیاتر لە ٥٣ دۆلار فرۆشتووە، هەروەها مانگى شوبات هەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە ٦٠ دۆلار فرۆشراوە، لەمانگى ئازاریشدا نرخەکە زیاتر بووە لە ٦٣ دۆلار.  

  

بەلەبەرچاوگرتنى ئەو نرخانەى کۆمپانیاى سۆمۆ و فرۆشتنى نەوت لەلایەن هەرێمەوە بە ١٠ دۆلار کەمتر لە نرخى سۆمۆ، هەرێم بۆ مانگى یەکى ئەمساڵ، پێویستە ٤١٠ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دۆلار، بۆ مانگى دوو ٤٢٠ ملیۆن دۆلار، بۆ مانگى سێ ٤٨٨ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دۆلار رادەستى بەغدا بکات، کە کۆى گشتى دەکاتە ملیارێک و ٣١٩ ملیۆن دۆلار.  

  

داهاتى گومرگ  

 

هەرێمى کوردستان تا ئیستا بەفەرمى هیچ ژمارەیەکى لەبارەى داهاتى مانگانەى گومرگ بڵاونەکردووەتەوە تا بەوردى پشتى پێ ببەسترێت، بەڵام بەرپرسانى هەرێم پێشترى جەختیان کردووەتەوە کە داهاتى گومرگ لەسەرەتاى ئەمساڵەوە رووى لەبەرزبوونەوە کردووە، بەهۆى هەڵگرتنى رێوشوینەکانى کۆرۆناوە.  

  

مانگى رابردوو بەرێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (VOA) ئاشکرایکردبوو، کە لە باشترین دۆخدا داهاتەکە نەگەیشتووەتە ٢٠٠-٢٥٠ ملیار دینار.   

  

بە وەرگرتنى رێژەیەکى مامناوەندى ئەو ژمارەیە کە دەکاتە ٢٢٥ ملیار دینار، دەبێت هەرێم بۆ سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵ ٦٧٥ ملیار دینار رادەستى بەغدا بکات (زیاتر لە ٩٧٨ ملیۆن دۆلار) لە پشکى هەر سێ مانگەکە دادەشکێنرێت.  

  

چەند بۆ هەرێم دەمێنێتەوە؟  

 

بەپێی قسەی ئەندامانى کورد لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، پشکى هەرێم لە بودجە زیاترە لە ١٢ ترلیۆن دینار، واتە هەر ترلیۆن دینارێک بۆ مانگێک، بەو پێیەش پشکى هەرێم بۆ هەر سێ مانگەکە دەکاتە سێ ترلیۆن دینار زياتر لە (دوو ملیار و ٦٣١ ملیۆن دۆلار).  

  

بە داشکاندنى کۆى گشتى داهاتى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ سێ مانگى رابردوو لەگەڵ نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان کە دەکاتە دوو ملیار و ٢٧ ملیۆن دۆلار، هەرێم زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلارى بۆ دەمێنێتەوە.