گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’’دوو بژاردە’’..وادەى بڕیاردان بۆ چارەسەرى کێشەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون ئاشکراکرا

2021.04.04 - 17:18
App store icon Play store icon Play store icon
’’دوو بژاردە’’..وادەى بڕیاردان بۆ چارەسەرى کێشەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون ئاشکراکرا

ناس کورد-

 

سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى هەرێم رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا بڕیارى پێویست دەدرێت بۆ چارەسەرى کێشەى پێدانى قیستى یەکەکانى نیشتەجێ بوون، دواى جێگیرکردنى نرخى نوێی دۆلار لە بودجەى عێراق.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

محەمەد شوکرى ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" ئاماژەى بەوەکرد، دواى ئەوەى پەرلەمانى عێراق پڕۆژەى بودجەى پەسەندکرد کە تێیدا نرخى نوێى دۆلار جێگیرکراوە، بڕیارى پێویست دەدەن بۆ چارەسەرى کێشەى قیستى ئەو یەکانەى نیشتەجێبوون کە بە دۆلارە.

 

وتیشى "لەم هەفتەیەدا بڕیارى پێویست دەدەین و دوو بژاردەیە هەیە و بڕیار لە یەکێکیان دەدرێت".

 

محەمەد شوکرى رونیکردەوە، بژاردەکان بریتین لە، گۆڕینى قیستەکان بۆ دینارى عێراقى، یاخود جێگیرکردنى 100 دۆلار بە نرخێکى کەمتر لە نرخى بازاڕ لەدەوروبەرى 130 هەزار دینار.

 

دواى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار بەرانبەر دینار، بەشێک لەدانیشتوانى پڕۆژەکانى نیشتەجێ بوون روبەڕووى گرفت بونەتەوە، بەهۆى پێدانى قیستەکانیان بە دۆلار بە کۆمپانیاکان.  

  

تا ئێستا چەند کۆمپانیایەک بڕیاریانداوە 100 دۆلار بەرانبەر بە 130 هەزار دینار بۆ وەرگرتنى قیست دیارى بکەن، بەڵام زۆربەى زۆرى کۆمپانیاکان هیچ نرخێکى نوێیان دیارینەکردووە و بە نرخى بازاڕ دۆلار وەردەگرن.  

 

مانگى شوباتى ئەمساڵ حکومەتى هەرێم و پەرلەمان و یەکێتى وەبەرهێنەران لیژنەیەکى هاوبەشیان پێکهێنا، بۆ بڕیاردان لەبارەى کێشەى قیستى یەکەکانى نیشتەجێبوون، دواى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە.

 

هاوڕێ مەلا ستار سەرۆکى لیژنەى ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنانى پەرلەمانى کوردستان (4 ى شوباتى 2021) بە "ناس کورد" ى راگەیاند "90%ى پڕۆژەکان بە دینار مامەڵە دەکەن تەنها 10% کێشەیان هەیە لەو بارەیەوە، زۆر قسەمان کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەر بەڵام نەگەیشتینە بڕیارێک، بەرمەبناى ئەو گرێبەستەى کراوە هەوڵدەدەین بگەینە چارەسەر".  

  

هاوڕێ مەلا ستار باسى لەوەشکرد، کێشەکە ئەوەیە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان کراوە بۆ پێدانى قیستەکان بە دۆلار، بەڵام هەوڵدەدەن چارەسەرێک بۆ ئەوە بدۆزنەوە.