ناس کورد-
دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئیداری وئەمنی، داهاتی دەروازە سنورییەکان لە 80% زیادی کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەستەکە (4ی نیسان 2021) کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە، "بە ڕێژەی لە 70%ی پڕۆژە ئیداریی و بیناسازی لە دەروازە سنورییەکان ئەنجامدراوە، ئەو پڕۆژانەش دەبنە زیاترکردنی داهاتەکان".
ئاماژە بەوەشکراوە، "توانراوە لە ماوەی ڕابردوودا نزیکەی لە 90%ی پێشێلکارییەکانی لەو دەروازە سنوریانەدا بنبڕ بکرێت، ئەوەش دوای بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی ڕێوشوێنەکانی گومرگ و باج، تەنها لەنیوەی دووەمی ساڵی 2020دا دوو هەزار و 777 پێشێلکاری دەستنیشان کراوە".
جەختلەوەشکراوەتەوە، "دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئیداری و ئەمنی، داهاتی دەروازە سنورییەکان لە 80% زیادی کردووە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، "پێشبینی دەکرێت دوای تەواوبوونی پلانی چاکسازی، دەستەکە بتوانێت کۆنتڕۆڵی هەموو جۆرە پێشیێلکارییەک و دەستکاریکردنێک بکات کە ئەوەش وادەکات سامانی گشتی و داهاتەکان زیاتر بکات".
پێشتر بە گوێرەی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، "ئەو پارێزگایانەی کە دەروازە سنورییەکانیان تێیدایە دەبێت لە 50%ی داهاتەکانیان بۆ گەشەپێدانی ئەو دەروازانە تەرخان بکەن".