گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێترین هەڵوێستی تەندروستی و پەروەردە لەسەر کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان

2021.04.04 - 14:13
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین هەڵوێستی تەندروستی و پەروەردە لەسەر کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان

ناس کورد-

بریکاری وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ئەگەر بارودۆخەکە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت ئەوا ئەوا کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان قورسە و بریکاری وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، ئەگەر دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە لەسەر پلانی خۆیان بەردەوام دەبن و تاقیکردنەوەکان لە وادەی خۆیاندا دەکرێن، دەشڵێت، هەموو هەوڵێک دەدەن خوێندنی ئەمساڵ بە سەرکەوتوویی تەواو بێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ماوەی ڕاگرتنی خوێندن کە 10ی نیسانە و تائێستا دیارنییە وادەی ڕاگرتنەکە درێژدەکرێتەوە یاخود نا.

 

د. ڕەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم (یەکشەممە 4ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی وت، "وەک پێشتر بڕیاردراوە تاوەکو 10ی مانگ جگە لە تاقیکردنەوەکان بەهیچ شێوەیەک نابێت دەوام لە قوتابخانە و خوێندنگەکان بکرێت."

 

وتیشی، "تا ئەوکاتە هەڵسەنگاندنی نوێ دەکرێت و لە 10ی مانگ یاخود پێشتر لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەوبارەیەوە دەدات."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "دیارنییە لە کۆبوونەوەکەدا چ بڕیارێک دەدرێت، بەڵام ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستا بێت ئەوا دۆخەکە ڕێگە بە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان نادات."

 

هاوکات د. سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردە بە "ناس کورد"ی وت، "ئێمە لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەرگای قوتابخانەکانمان داخستووە و ئێستاش چاوەڕوانی بڕیار و هەڵسەنگاندنی ئەوانین، هەر بڕیارێک بدەن ئێمە پابەند دەبین پێوەی."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر لە 10ی مانگ بڕیار لە کردنەوەی قوتابخانەکان بدرێت ئەوا لەسەر ئەو پلانەی کە دایانناوە بەردەوام دەبن و تاقیکردنەوەکانیش لەو وادانە ئەنجام دەدرێن کە دیاریکراون."

 

جەختیشیکردەوە، "وەک وەزارەتی پەروەردە جەختدەکەینەوە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بە سەرکەوتوویی تەواو بکرێت و ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران نەفەوتێت."  

 

لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، ماوەی چەند هەفتەیەکە دەوامی خوێندنی پۆلی 1 تا 11 ڕاگیراوە و تەنها پۆلی 12ی ئامادەیی لە خوێندن بەردەوامن.