ناس کورد-
هەردوو پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح و دابان مەحەمەد ڕایانگەیاند، بە فەرمی لەلایەن دادگاوە ئاگادارکراونەتەوە و دەچنە بەردەم دادگا و ئەوەی وتویانە لەسەر قاچاخچێتی بە بەڵگە و ناوەوە دەیسەلمێنن، دەشڵێن، " یان دادگا سەربەخۆیانە بڕیار دەدات و قسەکانمان دەسەلمێنێت یان بە ساڵێک بۆ پێنج ساڵ حوکمی ئێمە دەدا، چونکە سزای هیچ پێبژاردنێک نادەینە قاچاخچیەکان."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا هەردوو پەرلەمانتار عەلی حەمەسالح و دابان محەمەد (یەکشەممە 4ی نیسانی 2021) ڕایانگەیاند، "بەفەرمی ئاگادارکردنەوەی دادگامان پێگەشت، بۆ دادگایی کردنمان بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی، واژمان کرد و بەویستی خۆمان دەچینە بەردەم دادگا، ئەوەی وتومانە لەسەر قاچاخچێتی بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین."
ئاماژەیان بەوەشکردووە:
- باشماخ لە ڕابردوو و ئێستادا ناوەندێکی گەورەی قاچاخچێتیە..
- لە بازاڕی جگەرە ئۆفیستان داناوەو ٩٦٪ جگەرەی کوردستان بە قاچاخ دێت.
- لە عەقاری ئۆفیستان داناوە و ھەزاران ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلتان داخلکردوە، بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێک ٦ ھەزار و ٥٠٠ دۆلارتان وەرگرتوە.
- بارھەڵگرێک ھێلکە بە ١٢ ھەزار دۆلارو ھێلکەی تروکاندن بۆ جوچکە ١٦ ھەزار دۆلار.
- بارێک دوگ بە ٢٥ ھەزار دۆلار.
- بارھەڵگرێک مس و فافۆن بە ٧ ملیۆن دەبەن.
- مریشکی بەستو و خورما و ماسی... ھتد...
ئەو دوو پەرلەمانتارە ئەوەشیان خستووەتەڕوو، "دادگا و داواکاری گشتی و دەسەڵات، تەماشاکەرن و زەلیلانە لەو قاچاخچیانە دەڕوانن، لەبری ئەوانەی سەدان ملیۆن دۆلاریان بە قاچاخی برد و ئەوانەی ڕێگا خۆشکەر و بکەری قاچاخچێتین، ئێمە دەدەنە دادگا، لە کاتێکدا ھەر ئەوانن بە ھەزاران دۆنم زەویان لەم شارە داگیرکرد و سلێمانیان کرد بە شاری جەمەلۆن و مەغزەن."
ئەوەشیان وتووە، "ئێمە ھەموو شت لەبەردەم دادگا دەسەلمێنین، بە وردەکاری زۆر و ناوھێنانەوە، ھیوادارین دادگاش سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت."
ئاماژەیان بەوەشکردووە، "بۆ ئەمەش دوو بژاردە ھەیە، یان دادگا سەربەخۆیانە بڕیار دەدات و قسەکانمان دەسەلمێنێت یان بە ساڵێک بۆ پێنج ساڵ حوکمی ئێمە دەدا، چونکە ھیچ سزای پێبژاردنێک نادەینە قاچاخچیەکان."