گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’داتاکان ساختەن’’

تەندروستیی هەرێم وەڵامی دوو پەرلەمانتار دەداتەوە: کوا بەڵگەکانتان؟

2021.04.03 - 15:26
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستیی هەرێم وەڵامی دوو پەرلەمانتار دەداتەوە: کوا بەڵگەکانتان؟

ناس کورد-

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێم لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، "ئامارەکان زۆر دروستن و لەوەش زیاترە کە بڵاودەکرێتەوە چونکە ژمارەیەک توشبوو هەیە پشکنین ناکەن".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پێشتر غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین، دوو پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایانگەیاندبوو، "داتاکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەولێر و دهۆک ساختەکراون و ژمارەکان وەهمین و هیچ بنەمایەکیان نییە".



لەو بارەیەوە ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (3ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، ئامارەکانی کۆرۆنا زۆر بەوردی وەردەگیرێت و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بڵاودەکرێتەوەو زۆر کاتیش وتومانە ژمارەکان لەوە زیاترن کە بڵاودەکرێنەوە چونکە هەندێک کەس هەیە کە توشی پەتاکە دەبێت پشکنین ناکات.


باسی لەوەشکرد، زۆر کات لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراق و ڕێکخراوەکانی تەندروستی جیهانیش کە لە هەرێمی کوردستانن ئەوە دەڵێن، "ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی زۆر وردو ڕاستن لەبارەی توشبووانی کۆرۆنا".


وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی لەسەر ڕاست و دروستی لێدوانی ئەو دوو پەرلەمانتارەی عێراق داوایکرد، "هەرچی بەڵگەیان هەیە بیخنە ڕوو تاوەکو ئەگەر گومانێک هەیە یاخود شتێکی ناڕاست هەیە ئاشکرای بکەین".


ڕاشیگەیاند، "لە ئێستادا دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و نەخۆشخانەکان پڕبوونەتەوە و ژمارەیەکی زۆری توشبووی پەتاکەش لە دۆخی ناجێگیردان جگە لەوەش ئامارەکانی گیان لەدەستدان زیادیکردووە".

 

پێشتر غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە کۆپییەکی بۆ "ناس کورد" نێردرابوو (2ی نیسانی 2021) دەڵێن، "ماوەی ساڵێکە مەسرور بارزانی ژمارەیەک بەرپرس و وەزیری بێ مەعریفە و بێ ئاگا لە ژیانی خەڵک کردوە بە بەڵا بەسەر ژیانی کاسبکاران و کرێکاران و شۆفێران و هاوڵاتیانی ئاسایی، لە کۆشکەکانی خۆیانەوە بە ئارەزوی خۆیان بریار دەدەن بێ ئەوەی هیچ بەلایانەوە گرنگ بێت خەڵک چۆن دەژی."



دەشڵێن، "بریاری تازەی ئەم لیژنە بێ سەروبەرەی مەسرور سەپاندنی رێنمایی توندی کۆرۆنا و داخستنی هۆڵەکانی وەرزش و مزگەوت و شوێنی پەرستگاکانە کە ئەم جێگایانە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت رێنمایی تەندروستییان تێدا جێبەجێ بکرێت بێ ئەوەی دابخرێن."



ئەو دوو پەرلەمانتارە باسیان لەوەشکردووە کە "ماوەی ساڵێکە لەسەر گیرفانی هەژاران بە بەهای ملیۆنان دۆلار پشکنینی کۆرۆنا بەخەڵک دەکەن تا ئێمە لە بەغداوە بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق و هەماهەنگی تەندروستی سلێمانی و گەرمیان تاقیگەی پشکنینی کۆرۆنامان دابینکرد و ناچارمان کردن ئەوانیش دەستبەرداری ئەو بزنسە ببن.


ئێستاش لە دژایەتی سلێمانی، پارتی ژمارەی ساختەی پشکنین و توش بوو لە هەولێر و دهۆک بڵاو دەکەنەوە و ترس بڵاو دەکەنەوە."



ئاشکراشی دەکەن کە "بەپێی ئەو بەڵگانەی دەست ئێمە کەوتون تەنیا پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین داتای دروستی پشکنین و توشبون دەگەیەننە وەزارەتی تەندروستی عێراق، هەولێر و دهۆک ژمارەکان وەهمین و هیچ بنەمایەکیان نییە و لە دوو هەفتەی رابردوو رۆژانە کەمتر لە (300) پشکنین کراوە لە هەریەک لە هەولێر و دهۆک لە کاتێکدا لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین رێژەکە سەروو (2000) پشکنینە، کە ئەمەش خیانەتە لەخەڵک و فەزیحەتێکی تری حکومەتەکەی مەسرور بارزانییە."



غالب محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین دەشڵێن، "بێ ئەوەی فلسێک قەرەبوی ئەو خاوەن کارانە بکەنەوە پێیان دادەخەن، بێ ئەوەی هاوکاری ئەو گەنجانە بکەن ناهێڵن کار بکەن، ئەمە رێنمایی جێبەجێکردن نییە، ئەمە بازرگانی کردن و برسیکردنی خەڵکە."



"حکومەتەکەی مەسرور شکستی هێناوە لە دابینکردنی یەک جورعە ڤاکسین و عێراق نەبێت ساڵیکی تریش ئەم کاتە هەڕەشەکانی کۆرۆنا بەردەوام ئەبێت، بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەزوترین کات دەست بە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە لیژنەکانی حکومەت بکات کە بازار و گوزەرانی خەڵکیان خستۆتە مەترسی، ئەو لیژنەیە خۆی لە کۆرۆنا مەترسیدار ترە بۆ خەڵک."