گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نرخی دۆلار

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا کرا

2021.04.03 - 12:09
App store icon Play store icon Play store icon
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشکرا کرا

ناس کورد-
وتەبێژی بازاڕی دراوەکەی سلێمانی باس لەوەدەکات، لە ڕۆژی چوارشەممەوە بانکی ناوەندی هیچ بڕ دۆلارێکی نەخستووەتەڕوو، ئەگەر بۆ ڕۆژی یەکشەممە لەسەرو 90 ملیۆنەوە دۆلار نەخاتە بازاڕوە نرخی دۆلار زیاتر بەرزدەبێتەوە لەوەی ئێستا هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەیانی ئەمڕۆ نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراق زیاتر بەرزبوویەوە، لەئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 147 هەزار و 150 دیناری عێراقی.

 

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوەکەی شاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (3ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندی سێ ملیۆن و 767 هەزار دۆلاری خستووەتەڕوو، لەوکاتەوە هیچ بڕە دۆلارێکی نەخستووەتە بازاڕەکانەوە و ئەوەش هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە.


باسی لەوەشکرد، ئەگەر ڕۆژی یەکشەممە بانکی ناوەندی 90 بۆ سەرو 100 ملیۆن دۆلار نەخاتە ڕوو پێداویستی بازاڕەکان پڕ نەکاتەوە، "چاوەڕوان دەکرێت نرخی دۆلار بەرانبەر دینار بەرزترببێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر بڕێکی زۆر هاتە بازاڕەکان ئەوکات نرخەی 100 دۆلار لە نێوان 146 بۆ 147 دەمێنێتەوە."

 


باسی لەوەشکرد، ماوەی هەفتەیەکە بانکی ناوەندی خستنەڕووی دۆلاری کەمکردووەتەوە ئەوەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو قسانەی دەکرا کە بانکی ناوەندی توانای ئیدارەدانی ئەم نرخە نوێیەی دۆلاری نییە بەرانبەر دینار و وەک دەبینرا ماوەی سێ مانگ و 10 ڕۆژە نرخی دۆلار لە بازاڕەکان کەمتر بوو بەراورد بەو نرخەی لە بانکی ناوەندی دیاریکرابوو، بۆ ئەوەش ڕۆژی دووشەممە 35 ملیۆنی خستووەتە ڕوو ڕۆژی سێ شەممە کەمیکردووەتەوە بۆ 25 ملیۆن دۆلار ئەوەش سیاسەتی بانکی ناوەندییەو هەوڵێکە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەوجۆرەی بانکی ناوەندی دیاریکردووە.