ناس کورد-
توێژەر و نوسەری عێراقی د. یەحیا كوبەیسی ڕایگەیاند، دەركەوت پێداگریی هەندێک لە لیستەكان بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار تەنها بۆمبێكی دووكەڵ بووە بۆ بەدەستهێنانی هەندێك دەستكەوتی تری دارایی و سیاسی لە ناو بودجە و گوشارەكەش بەرهەمی هەبووە بۆ ئەو لایەنانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
كوبەیسی كە توێژەرێكی كاروباری سیاسی ئۆپۆزسیۆنە لە شیكارێكدا لە هەژمارەكانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویكردووەتەوە و "ناس كورد" دیویەتی (3ی نیسانی2021) باس لەوە دەكات گوشار و پێداگریی لیستەكان بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی تر بووە و ئەوە تەنها "بۆمبێكی دووكەڵ بووە".
كوبەیسی ئەوەشی وتووە، "ئەو بۆمبە دووكەڵە ئامانجی پێكاوە و بودجەی كردووە بەسەرچاوەیەكی وەبەرهێنان و دەسكەوت بۆ بكەرە سیاسییە كاریگەرەكانی عێراق"، نمونەشی بەوە هێناوەتەوە یاساكە بودجەی تەرخانكراوی بۆ ئاوەدانكردنەوە لە دوو ترلیۆنەوە كردووە بە چوار ترلێون، لەكاتێكدا ئەنجومەنی پارێزگاكان كارناكەن بۆ چاودێری پارێزگارەكان و لەیاساكەشدا ڕۆڵی ئەنجومەنی وەزیران پەراوێزخراوە بۆ پەسەندكردنی ئەو پڕۆژانە.
كوبەیسی باسی لەوەشكردووە بەهای 199 ملیۆن دۆلار پارە تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی 1000 قوتابخانە و دراوەتە وەزارەتی پەروەردە سەرباری ئەو كارنامە ڕەش و خراپەی ئەم وەزارەتە لەجێبەجێكردنی پرۆژە هەیەتی ! سەرجەم ئەمانەش بۆ خزمەتی ئەو چینە سیاسییەن كە وەزارەتەكان بەڕێوە دەبەن و وەزارەتەكانیان كردووە بە فیوداڵی خۆیان.