ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گواستنەوە لەبارەی دوا مۆڵەت بۆ لێدانی لۆگۆ و گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێرانی تاکسی ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، 1ی مانگی 8ی ئەمساڵ دوا وادەیە و لەدوای ئەو وادەیە هەر تاکسییەک لۆگۆی لێنەدرابێت سزا دەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا نوسراوێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاوکرایەوە کە وادەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تشرینی دووەمی 2020 و تێیدا هاتووە، "1ی 4 دوا مۆڵەتە بۆ شۆفێرانی تاکسی و لەدوای ئەو وادەیەوە هەر شۆفێرێک مۆڵەتی شۆفێرییەکەی نەگۆڕیبێت و لۆگۆی لە ئۆتۆمبێلەکەی نەدابێت، سزا دەدرێت."
لەوبارەیەوە سەڵاح جەوهەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن (1ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەو نوسراوە کۆنە و لەدوای ئەو نوسراوە بڕیار نوێ دەرکراوە و وادەی مۆڵەتەکە درێژکراوەتەوە."
ڕوونیشیکردەووە، "بەگوێرەی بڕیاری هەردوو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و ناوخۆ، وادەکە درێژکراوەتەوە بۆ 1ی 8ی ئەمساڵ و لەدوای ئەو وادەیەوە هەر شۆفێرێک ڕێکارەی یاساییەکانی جێبەجێ نەکردبێت، سزا دەدرێت."
بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گواستنەوە، پرۆسەکە پشت دەبەستێت بە کارتی بایۆمەتری و ئەو کەسانەی کە فەرمانبەرن یاخود کارمەندی سەربە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەن لۆگۆیان پێنادرێت و بەگوێرەی بڕیارەکە نابێت کاری شۆفێری تاکسی بکەن.
ڕوونیشیکردەوە، سزای هەر شۆفێرێک یەکەمجار بریتییە لە 500 هەزار و لە دووەم جاردا ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت، هەرکەسێکیش گۆڕانکاری لە ڕەنگی شریت و لۆگۆ بکات یاخود بیداتە کەسێکی دیکە، بەهەمانشێوە سزادەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم باسی لەوەشکرد، بریارەکەی حکومەت بۆ ڕێکخستنەوەی کاری تاکسییە وەک پیشەیەک، نەک هەرکەس تاکسییەک بکڕێت و کاری شۆفێری تاکسی بکات.
لە کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی بۆ ڕێکخستنەوەی کاری شۆفێری تاکسی دەرکرد و بەگوێرەی بڕیارەکە، کاری شۆفێری تاکسی لە هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، هاتوچۆ، فەرمانبەرانی شارستانی جگە لە پلە 7 و 8 و سەرجەم هێزە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی هەرێم و عێراق قەدەغە دەکرێت.
لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا، شریت و لۆگۆ و ئاڕمی تایبەت بدرێت بە شۆفێرانی تاکسی و تاکسییەکانیش بەگوێرەی شارەکان جیابکرێنەوە و کارتی زانیارییش بۆ شۆفێران دەربکرێت.