گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’تۆپەکە لە گۆڕەپانى هەرێمە’’

ئاڵا تاڵەبانى مەرجى ناردنى بەشە بودجەى سێ مانگى بۆ هەرێم ئاشکراکرد

2021.04.01 - 15:24
App store icon Play store icon Play store icon
ئاڵا تاڵەبانى مەرجى ناردنى بەشە بودجەى سێ مانگى بۆ هەرێم ئاشکراکرد

ناس کورد-

 

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ناردنى پشکى سێ مانگى ئەمساڵى هەرێم لەبەغداوە پەیوەستە بەوەى هەرێم بەپێی یاساى بودجە شایستەکانى ئەو مانگانە رادەستى بەغدا بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاڵا تاڵەبانى ئەمڕۆ پێنج شەممە لەلێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى وتى "ماددەى تایبەت بە هەرێم زۆر روونە، ئەگەر هەرێم بەتەواوى جێبەجێ بکات پشکەکەى دەنێردرێت، حکومەتى هەرێم بەڵێنیداوە ماددەکە جێبەجێ بکات".

 

وتیشى بودجە بۆ تەواوى ئەمساڵە، لەسەرەتاى ئەمساڵەوە جێبەجێدەکرێت، حکومەتى هەرێم ئەگەر ئیستیحقاقى پێشووى رادەستى بەغدا بکات، دەتوانێت پشکى سێ مانگى رابردووش وەربگرێت.

 

بەوتەى ئاڵا تاڵەبانى، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانى حکومەتى هەرێمدایە، دواى ئەوەى حکومەت و پەرلەمانى عێراق لەبارەى پشکى هەرێمەوە لە بودجە ئەوەى لەسەریان بوو کردیان.

 

رۆژى چوارشەممە 31 ى ئازارى 2021 پەرلەمانى عێراق پڕۆژەى بودجەى عێراقى پەسەندکرد، کە پشکى هەرێم تێیدا نزیکەى 12 ترلیۆن دینارە.    

 

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند،  بڕیارە لەم مانگەدا حكومەتی عێراق بەشە بودجەی ھەرێم رەوانە بكات و ئەوەشى رەوانەی نەكردووە، رەوانەى بكات.  

 

ڤیان سەبری ئەمڕۆ پێنج شەممە بە ماڵپەڕى فەرمى حزبەکەى راگەیاند، لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە پشكی ھەرێمی كوردستان هەژمارە و پێویستە لەم مانگەوە بەغدا پشكی ھەرێم رەوانە بكات بۆ ھەر سێ مانگەكە.  

  

وتیشى ئەو پرسە لە نێوان ھەردوو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق یەكلا دەكرێتەوە، بەڵام بەپێی یاسای بودجە دەبێت، كە دەنگی لەسەر دراوە.  

  

ڤیان سەبری دەڵێت پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ، زیاتر لە  ١٢ترلیۆن دینارە و مانگانەش پشكی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.