گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

هاوپەیمانى فەتح: لەفشارەکانمان بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار بەدەوام دەبین 

2021.04.01 - 09:23
App store icon Play store icon Play store icon
هاوپەیمانى فەتح: لەفشارەکانمان بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار بەدەوام دەبین 

ناس کورد- 

هاوپەیمانێتیەکەى هادى عامرى لەپەرلەمانى عێراق ، 10 خاڵى وەکو دەستکەوتى فراکسیۆنەکەیان لە بودجەدا بڵاوکردەوە و جەخت لەوەش دەکەن سازش لەسەر داواکارییان بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار ناکەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

هاوپەیمانى فەتح (1ى نیسانى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئەو بڕگانەیان دەستنیشان کردوە کە لەلایەن فراکسیۆنەکەیان لە بودجەدا جێگیرکراوە، ئاماژە بەوەش کراوە "پێش دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساى بودجە هاوپەیمانى فەتح واى بەباش زانى بەشدارى دانیشتنەکانى پەرلەمان بکات بۆ هەموارکردنى چەند بڕگەیەک کە خزمەتى هاوڵاتیان بکات و هەروەها ئەو بڕگە و مادانەش هەڵبوەشێنرێنەوە کە زیان بەخەڵکى دەگەیەنن بەتایبەت ئەوانەى کە داهاتیان سنوردارە و لەو سۆنگەیەوە ئەم خاڵانە لە بودجەدا لەلایەن فراکسیۆنەکەمان جێگیرکرا. 

 

یەکەم: دواى ئەوەى بەردەوام داوامان لەحکومەت دەکرد کە گۆڕانگارى لەنرخى دراودا بکات و نەیکرد و ئەوەمان پێڕاگەیاند کە یاساکە تێناپەڕێت گەر نرخى دۆلار نەگەڕێنرێتەوە نرخى پێشووى و سوور بووین لەسەرى بەڵام کاتێک بودجەکە دواکەوت و زیانى بەهاوڵاتیان گەیاند و چەند هەموارێکى بودجەکەش کرا و دواتر دەنگمان پێدا بەڵام هەر فشار بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار دەکەین و سازش لەو داواکارییە ناکەین.

 

دووەم : دەنگدان لەسەر موچەى 169 هەزار خۆبەخشى حەشدى شەعبى و بەوەش موچەى خۆبەخشەکان بۆ ملیۆنێک و 420 هەزار دینارى عێراقى بەرزکرایەوە.

 

سێیەم : موچەى سودمەندانى تۆڕى کۆمەڵایەتى بۆ 250 هەزار دینار بەرزکرایەوە کە پێشتر کەمتر لە 175 هەزار موچەکەیان بوو.

 

چوارەم : بڕى 5% ى پتڕۆ دۆلارمان لەداهاتى نەوتی بۆ پارێزگاکان دابینکرد.

 

پێنجەم : داوامان کرد شایستە داراییەکانى جوتیاران خەرج بکرێت و 50 هەزار دینارمان بۆ نرخى تۆنێک جۆ و گەنم و برنج زیاد کرد.

 

شەشەم : دەرماڵەى گەشەپێدانى پارێزگاکانمان لە 2 تریلیۆن دینارەوە بۆ 4 تریلیۆن دینار زیاد کرد.

 

حەوتەم : هەموو ئەو گرێبەستانەى کە 7 ساڵ خزمەتیان لەسەرجەم وەزارەتەکاندا تەواو کردووە دامەزراند و کردمانە هەمیشەیى.

 

هەشتەم : ئەو مادەیەمان هەڵوەشاندەوە کە تایبەت بوو بەفرۆشتنى موڵک و ماڵى دەوڵەت و ڕێژەى قەرزکردنمان لە 60% دابەزاند.

 

نۆیەم : موچەمان بۆ 220 هەزار وانەبێژ خەرجکرد.

 

دەیەم : کۆتایمان بە دۆسییەى بەڕێوەبردنى پۆستەکان بەوەکالەت هێنا و ئەو دەسەڵاتەمان بۆ پەرلەمان گەڕاندەوە.