ناس کورد-
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان نیگەرانی خۆی بەرانبەر ڕووداوەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان دەردەبڕێت و ڕایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە کاری پەرلەمانی و ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د.جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان (31ى ئازارى 2021) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و کۆششی تەواو دەدات لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و زامنکردنی بژێویان و دەستەبەرکردنی ئارامی و خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان. بەڵام بەداخەوە کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچى دەستەواژەی نەشیاو و دوور لە کاری پەرلەمانی و سیاسى بە کار دەهێنن و ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن وەک ئەوەی بەداخەوە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بینیمان کە ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە.
باسی لەوەشکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە کاری پەرلەمانی و باشترین پەیوەندیشی لە گەڵ دامەزراوە دەستوورییەکان و پەرلەمانی کوردستان هەیە. چاوەڕوانى ئەوەشى هەیە پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا، هەڵسوکەوت بکەن و بەرگری لە مافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکەن.
لەدانیشتنی 31ی ئازاری پەرلەمانی کوردستان هاوڕێ مەلاستار پەرلەمانتاری یەکێتی حکومەتی هەرێمی بە مێینەی مۆدێل ناوبردو ئەوەش بووە جێگەی نیگەرانی پەرلەمانتاران و و قسو گفتوگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو دواتر ئەو پەرلەمانتارە ڕونکردنەوەیداو وتی، "مەبەستم کچە مۆدێلەکانە".
لەلایەکی دیکەش د. کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ پێڵاوەکانی گرتە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "پڵاوگرتنە سەرۆکایەتی پەرلەمان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بووە". دواتر ڕێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمان لە کۆبوونەوەى پەرلەماندا ڕایگەیاند، بەدەنگى 73 پەرلەمانتار بڕیاریانداوە کازم فاروق لە دانیشتنەکانى پەرلەمان بێبەش بکەن، تا ئەو کاتەى داواى لێبوردن دەکات.