گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤیدیۆکە ببینە

’’حكومەت مێینەیە’’.. پارتى هەڕەشەى جێهێشتنى دانیشتنى پەرلەمان دەکات

2021.03.31 - 12:12
App store icon Play store icon Play store icon
’’حكومەت مێینەیە’’.. پارتى هەڕەشەى جێهێشتنى دانیشتنى پەرلەمان دەکات

ناس کورد-

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک قسەى ئەو پەرلەمانتارەى یەکێتى قبوڵناکرێت لەبارەى حکومەت، ئەگەر سەرۆکایەتى پەرلەمان بەڕۆڵى خۆى هەڵنەستێت ئەوان کۆبوونەوەکە جێدەهێڵن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

زانا مەلا خالید لە کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستاندا باسى لەوەکرد، حکومەت لە پەرلەمانەوە متمانەى وەرگرتووە، بەهیچ شێوەیەک قبوڵى ئەوە ناکەن بەو شێوەیە ناوى ئەو کابینەیە بهێنرێت، بۆیە چاوەڕوانى ئەوەن ئەو پەرلەمانتارەى یەکێتى داواى لێبوردن بکات.

 

وتیشى، "پێویستە لەم دانیشتنەدا سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵوێستى خۆى رابگەیەنێت، ئەگەرنا بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین لەناو دانیشتنێکدا دابنیشین کە بەو شێوەیە ناوى حکومەت بهێنرێت".

 

لاى خۆیەوە، رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاند، قسەى پەرلەمانتارەکەى یەکێتى هەڵە بووە و دەبێت ئەو پەرلەمانتارە داواى لێبوردن بکات.

 

کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستان گرژى و مشتومڕى توندى بەخۆوە بینى، بەهۆى قسەى بەشێک لە پەرلەمانتاران لەسەر حکومەت و پرسی لێبڕینى موچە.



مشتومڕەکان کاتێک دەستیانپێکرد کە بەشێک لە پەرلەمانتاران بەتایبەتى پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى یەکێتى باسى پرسی لێبڕینى موچەیان کرد و سەرۆکى پەرلەمانیش داواى لێکردن چاوەڕوانى گەیشتنى بودجەى هەرێم بکەن بۆ ئەوەى ئەو پرسە رونبێتەوە.



هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى دواى ئەوەى لەبارەى لێبڕینى موچەوە ویستى قسەبکات، سەرۆکى پەرلەمان قسەى پێ بڕی، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە وتى، "گرفتەکان دەیسەلمێنن کە حکومەت مێینەی مۆدێلە کە ناتوانێت داخوازى هاوڵاتییان پڕبکاتەوە".

  

ئەو قسەیە سەرۆکى پەرلەمانى توڕەکرد و بڕیاریدا قسەکانى ئەو پەرلەمانتارە لە پرۆتۆکۆڵ بسڕدرێتەوە بەهۆی ئەوەى سوکایەتی بە ژن کردووە و ڕایگەیاند، "ژن و پیاو یەکسانن و جیاوازییان نییە"