گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

’’کۆبوونەوە لە ماڵى عامرى’’.. دارایی پەرلەمان: مەترسى لەسەر پشکى کورد نییە

2021.03.31 - 10:23
App store icon Play store icon Play store icon
’’کۆبوونەوە لە ماڵى عامرى’’.. دارایی پەرلەمان: مەترسى لەسەر پشکى کورد نییە

ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، شەوى ڕابردوو لایەنە شیعییەکان لە ماڵى هادى عامرى کۆبوونەتەوە لەسەر پڕۆژەیاساى بودجە و "ئەمڕۆ پڕۆژەکە تێدەپەڕێنرێت".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق کۆبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەى بودجە، ئەوەش دواى سێجار دواخستنى دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بەهۆى ناکۆکى لایەنەکانەوە.

 

شیروان میرزا، ئەندامى لیژنەى دارایی ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" وتى، "ئەمڕۆ پڕۆژەیاساى بودجە لە دانیشتنى پەرلەماندا تێدەپەڕێت و لایەنە شیعییەکانیش لەهەوڵى چارەسەرکردنى ناکۆکییەکانیاندان و شەوى ڕابردوو لەماڵى هادى عامرى کۆبوونەتەوە".

 

وتیشى، "هیچ ترسێک لەسەر پشکى هەرێم نییە و ئەو ڕێککەوتنەى کراوە وەک خۆى ماوەتەوە".

 

پێش بەڕێوەچوونى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ، سەرۆکایەتی پەرلەمان هۆشداریدا لە بڵاوکردنەوەى ناوی ئەو پەرلەمانتارانەى کە ئامادەى دانیشتنەکە نابن و دەبنە بەربەستى بەردەم تێپەڕاندنى پڕۆژەکە.

 

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراق بڕی ئەو داهاتەی كە هەرێم دەستی دەكەوێت لە بەغدا بە شەش ترلیۆن دینار خەمڵاند لە حاڵەتی پابەندبوون بە ڕێككەوتنی نەوتی کە لە ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەدا هاتووە.


سادق سلیتی لە مێزگردێکدا کە "کڵەب هاوس" كە نوێنەری "ناس كورد" بەشداریی تێدا كردووە لەبارەی بودجەوە (31 ئازاری 2021) جەختیكردەوە، نەوتی هەرێم دەوروبەری 10 دۆلار هەرزانتر دەفرۆشرێت لەچاو نەوتی حكومەتی فیدراڵ، هەروەها تێچوونی گواستنەوەشی 10 هێندەی تێچوونی گواستنەوەی نەوتی باشور گرانترە.

 

هەروەها وتیشی، "ئەگەر هەرێم بۆ 250 هەزار بەرمیل 55 دۆلار ڕادەست بكات بۆ نمونە، ئەوە دەوروبەری پێنج ترلیۆن دینار وەردەگرێت و لەنیوەی داهاتی گومرگیش یەک بۆ دوو ترلیۆن، دواتر داوای تەواوكردنی ڕێژەی 12% دەكات كە پشكی دیاریكراوی هەرێمە لە بودجە "چونكە ئەگەر وامان دانا بودجەی عێراق 100 ترلیۆن دینارە ئەوە دەبێت هەرێم 12 ترلیۆن ببات".

 

سلییتی وتیشی، "لە ئێستادا ناتوانین دۆسیەی نەوتی هەرێم وەربگرین بەهۆی گرێبەستی كۆمپانیای بیانی بەڵام بەندێكی پێشمەرجی دانراوە ئەگەر هەرێم بەهای نەوت ڕادەست نەكات ئەوە هیچ شایستەییەك وەرناگرێت لە حكومەتی فیدراڵی".