گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’شەرمەزارم مەکەن’’

قسەیەکى نهێنى ماکرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانى ئاشکراکرا

2021.03.31 - 09:26
App store icon Play store icon Play store icon
قسەیەکى نهێنى ماکرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانى ئاشکراکرا

ناس کورد-
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکى فەڕەنسا لەدواى ڕووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەر بە نێچیرڤان بارزانى ڕایگەیاندووە، کارى جدى دەکەن بۆ ئەوەى هەرێم لەو دۆخە رزگاربکەن کە تێی کەوتووە، بەڵام تکاى کردووە کە شەرمەزارى نەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتارى پارتى کە بە نزیک لە نێچیرڤان بارزانى دادەنرێت لە بابەتێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە باسى لەوەکردووە، نێچیرڤان بارزانی بۆى گێراوەتەوە، دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و گەمارۆی توندی سەر ھەرێم، چووەتە کۆشکی ئیلیزی لەگەڵ ماکرۆن کۆبووەتەوە "بۆ ئەوەی ھەرێم لەو دۆخە دژوارەدا ڕزگار بکەن."



هەورەها لە زارى نێچیرڤانەوە باسى لەوەکردووە، "ماکرۆن بە منی وت، کاری جددی دەکەین بەڵام شەرمزارم نەکەن! منیش لەوێ بەڵێنم پێدا".



بەوتەى پەرلەمانتارەکەى پارتى، نێچیرڤان بارزانى وتویەتى دوای کە وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردراوە، چووەمەوە پاریس و دیسان لە کۆشکی ئیلیزی لەگەڵ ماکرۆن کۆبووەتەوەو پێى وتووە "ئەوە ھاتووم بە بەرێزتان بڵێم، سوپاستان دەکەین بۆ نەھێشتنی ئەو گەمارووە و بەڵێنم دابوو شەرمزارتان نەکەین و نەمانکرد".


قسەکانى ئەو پەرلەمانتارەکەى پارتى هاوکاتە لەگەڵ سەردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ پاریس و کۆبوونەوەى لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا.

 

لەئێستادا نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێک لە فەڕەنسایە، دوێنێ لە کۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبوویەوە و دواتر لەگەڵ ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا چاوپێکەوتنی هەبوو.

 

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەیان بەگشتی تاوتوێ کرد و لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعشدا، و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ھاوکاری و ھاوبەشیی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا کردەوە، ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی ھەبوونی تێگەیشتنی ھاوبەش بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە.  

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی فەڕەنسا باسی لە دوایین سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بیستوویەتی سەردانەکە مایەی خۆشحاڵیی پاپا بووە و بە رووداوێکی گرنگی لە قەڵەمدا.

 

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە سەردانی پاپا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ھەموو پێکھاتەکانی وڵات ھەبووە.  

  

لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی ئیمانوێل ماکرۆن و فەرەنسا لە کاتە سەختەکاندا بۆ گەلی کوردستان دووپات کردەوە و ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی بۆ کارکردن و ھاریکاری و ھاوبەشی لەگەڵ فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربڕی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، ھەروەھا ھاوکاریی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا و پێکەوەکارکردن و ھاوبەشیی ھەموو پێکھاتەکانی عێراقی لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ چارەسەری بە گرنگ و پێویست زانی.  

مەترسییەکانی تیرۆر و سەرھەڵدانەوەی داعش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە تیایدا جەخت لە گرنگیی ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستور کرایەوە بۆ ئەوەی بۆشاییی ئەمنی دروست نەبێت و لەلایەن داعشەوە نەقۆزرێتەوە. لەمبارەیەوە ئیمانوێل ماکرۆن ھاوڕا بوو کە داعش ھێشتا مەترسییەکی جددییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی بەردەوام دەبێت.