گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

دوایین لێدوان لە دارایی و نەوتی پەرلەمانەوە لەبارەی ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم

2021.03.31 - 08:47
App store icon Play store icon Play store icon
دوایین لێدوان لە دارایی و نەوتی پەرلەمانەوە لەبارەی ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم

ناس کورد-

دوو ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ستایشی لێكگەیشتنی دارایی لەبارەی پشكی هەرێم دەكەن و بە "دادگەرانە" ناوی دەبەن لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی ساڵانی پێشوو لەگەڵ پێدراوە هونەرییەكان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

ماجید ئەلوائیلی لە لیژنەی دارایی لە مێزگردێکی ئەلیکترۆنی لە "کڵەب هاوس" كە نوێنەری "ناس كورد" بەشداری تێدا كردووە (31 ئازاری 2021) باسی لەوەكرد، بڕگەی 11 لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 کە پەیوەستە بە پشكی هەرێم دادگەریی تێدایە لەبارەی شایستە داراییەكان و ئەركەكانی هەرێم لەنێوان ڕادەستكردنی 460 هەزار بەرمیل نەوت و دیاریكردنی لانیكەمی نەوتی داواكراو لەهەرێم كە 250 هەزار بەرمیلە، هەروەها ئەوەشی تێدا هاتووە كە حكومەتی ناوەندی كاتێك شایستە هەناردەی هەرێم دەكات كە پابەندییەكانی خۆی بەجێ بهێنێت.

 

هەر لەمبارەیەوە سادق سلیتی لە لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمان لەو كۆنگرەیەدا بۆ "ناس كورد"ی ڕوونكردەوە لە یاسای قەرزكردندا پەیامێكی ڕوون ئاراستەی هەرێم كرا كە ئەگەر پابەند نەبێت ئەوە هیچ شایستەییەك وەرناگیرێت و ئەوەش هەمان شتە لە یاسای بودجەدا.

 

سلیتی وتیشی، لە ئێستادا ناتوانین دۆسیەی نەوتی هەرێم وەربگرین بەڵام بەندوباو دانراوە بۆ ڕێكخستنی پەیوەندی نێوان هەردوولا بۆ ماوەی ساڵێك وەك ئەزموونێك.

 

دوای چەندین جار دواخستن بەهۆی ناکۆکی لەسەر بڕگەکانی، بڕیارە کاتژمێر یەکی پاش نیوەرۆی ئەمرۆ چوارشەممە، 31ی ئازاری 2021، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدات.

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا، سەرۆکایەتی پەرلەمان جەختی کردەوە کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ناوی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکات کە ئامادەی دانیشتنەکە دەبن و ئەوانەشی ئامادەنەبوون.

 

لە لایەکی ترەوە، ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق بە ڕۆژنامەى سەباحى فەرمی ڕاگەیاندووە، کورتهێنان لە بودجەدا گەیشتووەتە 28 تریلیۆن دینار و ئەگەرى ئەوەش هەیە دواى گفتوگۆ لەسەر بودجەى تایبەت بە پترۆدۆلار و پشکى پارێزگاکان و گەشەپێدانى هەرێمەکان ئەوا ڕێژەى کورتهێنانەکە بۆ 30 تریلیۆن دینار زیاتر بکات.

 

جەختى لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، کورتهێنان لەڕێگەى دابینکردنى پارەوە دروست دەبێت لە جیاوازی نرخى نەوت کە بەرمیلى بە 45 دۆلار دانراوە و لەئێستاشدا نرخى بەرملێک نەوت لەبازاڕەکاندا بە 64 دۆلار دەفرۆشرێت.


لەبارەى ناکۆکیەکانى هەرێم و بەغداشەوە، سەفار باسى لەوە کردووە کە ناکۆکییەکان چارەسەر کراون و لەسەر مادەى 11ى پڕۆژە بودجەکە ڕێکەوتوون و لیژنەى دارایش دەنگى بۆ هەموو مادەکانداوە و بەدەنگدان لەسەر بودجەکەش هەموو دەنگە بەرهەڵستکار و پشتیوانەکانى بودجە ڕوون دەبنەوە.