گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا

2021.03.30 - 22:29
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا

ناس کورد-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پاریس لەگەڵ ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فەڕەنسا، دۆخی عێراق، ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە، ھەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، مەترسییەکانی تیرۆر و سەرھەڵدانەوەی داعش، ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و دۆخی پێکھاتەکان و ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

 

ھەردوولا جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا کردەوە و بەردەوامیی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەولەتی دژی داعش و ھاوکاری و یارمەتیدانی عێراقیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە پێویست زانی.

باسکردنی ھاریکاری و ھاوبەشیی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پشتگیریی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەولەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کارکردن لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

 

پێش ئەو کۆبوونەوە، نێچیرڤان بارزانی لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس لەلایەن سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازی لێکرا.

 

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەیان بەگشتی تاوتوێ کرد و لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعشدا، و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ھاوکاری و ھاوبەشیی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا کردەوە، ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی ھەبوونی تێگەیشتنی ھاوبەش بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە.

 

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی فەڕەنسا باسی لە دوایین سەردانی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بیستوویەتی سەردانەکە مایەی خۆشحاڵیی پاپا بووە و بە رووداوێکی گرنگی لە قەڵەمدا.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە سەردانی پاپا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ھەموو پێکھاتەکانی وڵات ھەبووە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی ئیمانوێل ماکرۆن و فەرەنسا لە کاتە سەختەکاندا بۆ گەلی کوردستان دووپات کردەوە و ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی بۆ کارکردن و ھاریکاری و ھاوبەشی لەگەڵ فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربڕی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، ھەروەھا ھاوکاریی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا و پێکەوەکارکردن و ھاوبەشیی ھەموو پێکھاتەکانی عێراقی لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ چارەسەری بە گرنگ و پێویست زانی.

 

مەترسییەکانی تیرۆر و سەرھەڵدانەوەی داعش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە تیایدا جەخت لە گرنگیی ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستور کرایەوە بۆ ئەوەی بۆشاییی ئەمنی دروست نەبێت و لەلایەن داعشەوە نەقۆزرێتەوە. لەمبارەیەوە ئیمانوێل ماکرۆن ھاوڕا بوو کە داعش ھێشتا مەترسییەکی جددییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی بەردەوام دەبێت.