گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

زانیاری نوێ لەبارەی هێرشە موشەکیەکەی شەوی ڕابردو لەزارى بەرپرسێکى پێشمەرگەوە 

2021.03.30 - 10:31
App store icon Play store icon Play store icon
زانیاری نوێ لەبارەی هێرشە موشەکیەکەی شەوی ڕابردو لەزارى بەرپرسێکى پێشمەرگەوە 

ناس کورد-

بەرپرسی میحوەری باشور و ڕۆژئاوای کەرکوکی هێزی پێشمەرگە کوردستان ئاشکرای کرد، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەبارەی هێرشە موشەکیەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر لیوای ٢ى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستاش هیچ کەسێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نوری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری باشور و ڕۆژئاوای کەرکوکی هێزی پێشمەرگەى کوردستان (30ی ئازاری 2021) لەلێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوى ڕابردوو لەسنوری چالاکیەکانی لیوای ٢ى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە لەمیحوەری پردێ، دبز لەنزیک گوندی نەبی ئاوا سێ موشەک ئاراستەی پێگەکانی پێشمەرگە کرا لەئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت و هیچ شتێک بەفەرمی ئاشکرا نەکراوە.

 

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و ئەو هێزەی پێشمەرگە کە لە سنورەکەدان ئایا وەکو شەوی ڕابردوو لە ئامادەباشیدان رونیکردەوە "دۆخەکە وەکو خۆیەتی هیچ گۆڕانکاییەک نەبووە و هێزەکانی پێشمەرگەش لەحاڵەتی ئامادەباشیدان".

 

ئەوەشی وت، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەکیەکە ڕانەگەیاندووە و ئاگادارنیم پرسیار لە سوپای عێراق کرابێت لە بارەی سەرچاوەی هێرشە موشەکیەکەش.

 

پێشتر عەلى حسەینى، وتەبێژى میحوەرى باکورى حەشدى شەعبى بە (شەفەق نیوز)ى راگەیاند "تائێستا هیچ زانیارییەکمان لەبارەى راستى هێرشکردنە سەر هێزەکانى پێشمەرگە لە سنورى کەرکوک-هەولێر بە موشەک نییە، ناشزانین لە چ ئاراستەیەکەوە هێرشەکان ئەنجامدراوون.  

  

وتیشى، هێزەکانى حەشدى شەعبى لەو میحوەرەى هێزەکانى پێشمەرگەوە دوورن و هیچ پڕۆسەیەکى هاویشتنى موشەک و هاوەنى ئەنجام نەداوە.  

  

وتەبێژەکەى حەشدى شەعبى بەدوورى نەزانى هێرشەکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەو ناوچانەى لەژێر دەسەڵاتى سوپاى عێراق و هێزەکانى پێشمەرگەدان ئەنجامدرابێت.  

  

رونیشیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنى شوێنى هاویشتنى موشەکەکان.  

  

شەوى رابردوو سێ موشەک ئاڕاستەی بازگەی شێراوە لەنێوان هەولێر و مەخمور کرا کە هێزەکانی پێشمەرگەی تێدایە، تائێستا هیچ زیانێکی گیانی لەو هێرشەدا تۆمار نەکراوە.