گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

وردەکاری کوشتنی کچە ئەندازیارێک لەناو وەزارەتی کارەبا

2021.03.29 - 13:31
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاری کوشتنی کچە ئەندازیارێک لەناو وەزارەتی کارەبا

ناس کورد- سۆران ڕەشید

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وردەکاریی کوشتنی کچە ئەندازیارێکی وەزارەتی کارەبا لەلایەن فەرمانبەرێکی کوڕ لە هەمان وەزارەت ئاشکرا دەکات و ئەوەشی وت، ئەو کوڕە پێشتر چەندجارێک چووەتە داوای ئەم کچە و نەیانداوەتێ ئەوەش بووەتە هۆکاری تێکچوونی باری دەرونی کوڕەکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هۆگر عەزیز لە لێدوانێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (29ی ئازاری 2021) ڕایگەیاندووە، کاتژمێر 10:18 خولەکی ئەمڕۆ لە ناو وەزارەتی کارەبا لە شاری هەولێر لەکاتی وەرگرتنی مووچە کچە ئەندازیارێکی وەزارەتی کارەبا بەناوی شادییە لەلایەن کارمەندێکی هەمان وەزارەت کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەتی کارەبا کار دەکات لەکاتی وەرگرتنی مووچە بە دەمانچە گولـــــلەیەکی لێدراوەو دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانە کچە ئەندازیارەکە گیانی لەدەستداوە.

 

باسی لەوەشکرد، بەپێی زانیارییەکان ئەم دوو کارمەندەی وەزارەتی کارەبا پێشتر پەیوەندییەکان هەبووەو ئەو کوڕ کە ئەمڕۆ تاوانەکەی کردووە چەند جارێک چووەتە داوای ئەو کچە ئەندازیارەی وەزارەتی کارەبا بەڵام نەیان داوەتێ و دواتر باری دەرونی تێکچووە.

 

باسی لەوەشکرد، وەکو زانیارییە سەرەتاییەکان باسی دەکەن ئەم کچە ماوەی سێ ڕۆژە مارەکراوە لە کەسێکی دیکەو دەستگیراندار بووەو ئەمڕۆ لەکاتی وەرگرتنی مووچە لەگەڵ تاوانیار یەکتریان بینیوەو دەماقاڵەیەک لە نێوانیان دروستبووەو دواتر بە دەمانچە گولــــــــــلەیەکی پێوەناوەو دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە کچە ئەندازیارەکەی وەزارەتی کارەبا بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.

 

سەبارەت بە بردنە ژورەوەی دەمانچە بۆ ناو وەزارەتی کارەبا لەلایەن ئەو کارمەندەی وەزارەت کە کچەکەی کوشتووە، وتی، "لە ناو وەزارەتەکانی ئەو دیاردەیە هەیە کە پشکنین تەنها بۆ سەردانی کەران دەکرێت و ئەم کەسەش کە خۆی فەرمانبەری وەزارەتەکە بووە پشکنینی بۆ نەکراوەو لەو ڕێگەیەوە دەمانچەکەی بردووەتە ژوورەوەو لەکاتی ڕوبەڕوبوونەوەی لەگەڵ ئەم کچە ئەو تاوانەی کردووە".

 

وتەبێژەکەی پۆلیسی هەولێر ئاشکراشیکرد، دوای ڕووداوەکە تۆمەتبار بە پێی مادەی 406 لە یاسای سزادان دەستگیرکراوەو لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

 

هاوکات وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە (29ی ئازاری 2021) ڕایگەیاندووە، بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ئەمڕۆ كاتژمێر 10:18 سەرلەبەیانی لەكارەساتێكی دڵتەزێندا ئەندازیار (شادیە عەبدوڵا) فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشكردنی وەزارەتی كارەبا لەكاتی دەوامی فەرمی خۆیدا لەلایەن فەرمانبەرێكی دیكەی وەزارەتی كارەباوە بەدەمانجە كوژراوەو دواتر ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی ناو وەزارەت بكوژەكەیان دەستگیركردووە.

 

وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاندووە، "ئەندازیار شادی عەبدوڵا فەرمانبەرێكی دڵسۆز و بەتوانای وەزارەتی كارەبا بوو سەرەخۆشی لەخۆمان و خانەوادەو بنەماڵە بەڕێزەكەی دەكەین خوا سەبوری كەسوكاری بداتەوەو جێگای بەهەشتی بەرین بێت… انا للە وانا الیە راجعون".