گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران و توركیاش ڕۆڵیان هەیە

بەدواداچوونی ناس: دوو هۆكاری سەرەكی تێپەڕاندنی بودجەیان ڕاگرتووە

2021.03.29 - 13:29
App store icon Play store icon Play store icon
بەدواداچوونی ناس: دوو هۆكاری سەرەكی تێپەڕاندنی بودجەیان ڕاگرتووە

ڕاپۆرتی ناس كورد_ 

دانیشتنی بڕیارلێدراوی یەكشەممە (28 ئازار) بۆ پەسەندكردنی بودجە بەبێ گرێدان یان دواخستن بەشێوەیەكی فەرمی، جارێكیتر شكستی هێنا لە تێپەڕاندنی بودجەی 2021 . ئاماژە و زانیارییە بەردەستەكانیش ئەوە دەردەخەن كە دوو هۆكاری سەرەكی بوونەتە هۆی دروستكردنی چەند هۆكار و بیانوویەكی بچوكتر بۆ ئەم چەق بەستنەی یاسای بودجە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شەوی ڕابردوو چی ڕوویدا؟ 

 شەوی 28/ 29 ئازاری 2021 زیاتر لەنیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە هۆڵی پەرلەمان چاوەڕوانی دەستپێكردنی دانیشتنی دەنگدان بوون، بەڵام بەهۆی گرژی و بە بن بەست گەیشتنی ناكۆكییەكانەوە، محەمەد حەلبوسی كە دەبوو سەرۆكایەتی دانیشتن بكات تەلاری پەڕلەمانی بەجێهێشت و بە هەندێك لە ڕۆژنامەنووسانی وت دانیشتنەكە ناكرێت بەبێ ئەوەی نە خۆی و نە فەرمانگەی میدیایی پەرلەمان وادەیەك بۆ دانیشتنی ئایندە دیاری بكەن. 

 

پێش لە تێكچوونی دانیشتنەكە پەرلەمانتارەكانی مالیكی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەگەرییان سازكرد و شەش مەرج و داواكارییان بۆ پەسەندكردنی بودجە ڕاگەیاند، بەدوای ئەوەشدا موقتەدا سەدر لە رێگەی تویتێكەوە هاتە سەر هێڵی ناكۆكییەكان و هۆشداریدا لە دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان، هەروەها داوای لە پەرلەمانتارەكانی خۆی كرد (سائیرون) هەوڵی زیاتر بدەن بۆ تێپەڕاندنی بودجە، ئەمەش تۆنی سەدرییەكانی بەرزكردەوە و لە بەیاننامەیەكدا و پەڵپ و بیانووی ڕكابەرەكانیان بە "نیفاقی سیاسی" و "بوقی وڵاتانی دەرەكی" دایە قەڵەم، بەم جۆرە كەشێكی گرژ باڵی بەسەر پەرلەمان و چاوەڕوانییەكانی تێپەڕاندنی بودجەدا كێشا.

 

هۆكارە سەرەكییەكان

ناس كورد لە ڕێگای سەرچاوە سیاسی و پەرلەمانییەكانی عێراقەوە زانیویەتی، پاش چارەسەركردنی گرێی پشكی هەرێمی كوردستان بەجۆرێك پارتی و یەكێتی و لیستە شیعەكان پێی ڕازین، سەرجەم ئەو هۆكار و پەڵپانەی بۆ دواخستنی بودجە دەهێنرێنەوە دەچنەوە سەر دوو هۆكاری سەرەكی، هۆكاری یەكەمیش زیاتر گوشاری لایەنە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران و توركیایە بە ئاراستەی گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ باری پێشووی خۆی (119 هەزار دینار = 100 دۆلار) چونكە بازرگانی و كەرتی گەشتیاری هەردوو دەوڵەتی دراوسێ زیانی زۆری لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لە عێراقدا كردووە.  بۆ ئێرانییەكانیش زیان و  نیگەرانییەكان زیاترە چونكە جاران نرخی دۆلار لە عێراقدا لە وڵاتانی سوریا و لوبنان هەرزانتر بوو، كەچی ئێستا وەها بەرزكراوەتەوە، تاران نەتوانێت بۆ دەستخستنی دراوی قورس زۆر پشت بە بازاڕی عێراق ببەستێت.

 

ئەم سەرچاوانە ئەوەشیان بەنمونە هێنایەوە كە دابەزینێكی زۆر لە بڕی فرۆشراوی ڕۆژانەی نرخی دۆلار  لەبازاڕەكانی عێراق هەیە، كە لەخوار 100 ملیۆن دۆلاری ڕۆژانەیە، لەكاتێكدا پێشتر زیاتر بووە لە 150 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەڵگەیە كە ڕیژەی ئاودیوكردنی دۆلار زۆر كەمتر بووەتەوە لەجاران.

 

سەرچاوەكانی ناس ئاماژەیان بەوەش كرد هۆكارێكیتری پەككەوتنی بودجە هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، لەم میانەیەشدا ئەو لایەنانەی لەگەڵ سازكردنیدان لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ (10/ 2021) پێداگرن لەسەر تێپەڕینی بودجەكە، ئەوانەشی بەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ڕازی نین و نایانەوێت هەڵبژاردن بكرێت رێگری دەكەن لە بودجەكە، چونكە پارەی تەرخانكراوی بۆ پێداویستییەكانی هەڵبژاردن تێدایە.

لە لایەكیترەوە ئەگەر بودجە پەسەند بكرێت ئیتر دەرگا واڵا دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ئەمەش بەدڵی دەوڵەتی یاسا و هەندێك لایەنی ناو فەتح نییە كە ئەوانیش چاوەڕوانی یەكلایی بوونەوەی نەخشەی هێزن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئێران.

 

مەرجەكانی مالیكی

لیستی دەوڵەتی یاسا لە كۆنگرەكەی ڕۆژنامەوانیدا نیوە شەوی  (28/ 29 ئازاری 2021) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، جەختی لە شەش داواكاریی كردەوە كە بریتین لە: دابەشكردنی خشتەكانی بودجە بەر لەدانیشتنی دەنگدان بەماوەیەكی زۆر، گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشووی خۆی ، زیادكردنی مەرجی ڕادەستكردنی هەر بڕە نەوتێك لەسەروو 460 هەزار بەرمیلەوە بەرهەم بێت لە كوردستان، هەڵوەشاندنەوەی بەكەرتی تایبەت كردنی هەندێ سێكتەری دەوڵەت، هەڵوەشاندنەوەی قەرزی بیانی و دەرەكی، قەدەغەكردنی بەخشینی سیفەتی شەهید بەچەكدارانی داعش. 

 

كێشەكانی ناو فراكسیۆنەكانی شیعە و سوننە

لەدەرەوەی كێشە گەورەكانی پەیوەست بە نرخی دۆلار و هەڵبژاردنی پێشوەختەش، به‌شێک له فراكسیۆنەكانی‌ شیعه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌و چەكدانەی حه‌شد كە گرێبه‌سته‌کانیان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌ بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان و لەمبارەیەشەوە هەندێك لیست گفت و بەڵێنیان بڵاوكردووەتەوە، ئەمەش تەرخانكردنی پارەی پێویستە.

هەرچی فراكسیۆنە سوننەكانیش هەیە ده‌یانه‌وێت بڕه‌پاره‌یه‌ک بۆ خێزانی ئه‌و که‌سانه‌ ته‌رخان بکرێت که‌ شوێن بزر کراون (مغیبین) ئەمەش بەلای شیعەكانەوە دەرگا دەكاتەوە بۆ تۆماركردنی چەكدارەكانی داعش بە شەهید و بێ سەروشوێن.