ناس كورد_
هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر هێرشێكی توندی كردە سەر هەندێك لیست و لایەنی سیاسی كە خۆیان كردووە بە بەرگریكاری گەل و بە "نیفاقی سیاسی و بوقی بەكرێگیراوی دەوڵەتانی دەرەكی" تۆمەتباری كردن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەیاننامەكەی سائیرون كە "ناس كورد" دیویەتی (29 ئازاری 2021) باس لەوە دەكات هەندێ لیست و لایەن موزایەدەی میدیایی دەكەن بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتی و خۆیان بەدڵسۆزی میللەت دەردەخەن لە هۆكارەكانی ڕاگەیاندن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە "دووڕوویی ڕامیاری و كۆمەڵایەتییان هەیە و بوقی بەكرێگیراوی دەوڵەتانی دەرەكین".
لیستەكەی سەدر باس لەوەش دەكات ئەوان بێدەنگ بوون تا ئێستا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی عێراق.
ئەم بەیاننامەیەی سەدر بەدوای كۆنگرەیەكی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكیدا هات لەدوا ساتەكانی چاوەڕوانیی گرێدانی دانیشتنی بودجە كە شەش مەرج و هەڵوێستی لەخۆ كرتبوو.
ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە كۆنگرەكەیدا نیوە شەوی (28/ 29 ئازاری 2021) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، جەختی لە شەش داواكاریی كردەوە كە بریتین لە:
1_ دابەشكردنی خشتەكانی بودجە بەر لەدانیشتنی دەنگدان
2_ گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشووی خۆی
3_ زیادكردنی مەرجی ڕادەستكردنی هەر بڕە نەوتێك لەسەروو 460 هەزار بەرمیلەوە بەرهەم بێت لە كوردستان بۆ ئەوەی ئاودیو نەكرێت.
4_ هەڵوەشاندنەوەی بەكەرتی تایبەت كردنی هەندێ سێكتەری دەوڵەت
5_ هەڵوەشاندنەوەی قەرزی بیانی بەتایبەت كە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە
6_ قەدەغەكردنی بەخشینی سیفەتی شەهید بەچەكدارانی داعش.