ناس كورد-
ئەندامێکى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، مادەى 11ى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان قابیلى جێبەجێکردن نییە و پێشى وایە، ئەوەى هەرێم دەیکات مەترسیەکى ترە و لە باشترین حاڵەتدا تەنها 250 ملیار دۆلارى بۆ دێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد حاجى ڕەشید (یەکشەممە 28ى ئازارى 2021) لە گفتوگۆیەکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچونى بۆ کردووە دەڵێت، ئێمە وەک هاوپەیمانى هیوا دژى مادەى 11 بووین چونکە قابیلى جێبەجێ کردن نییە، پێشتریش باسمان لەوەکردبوو مادەى 11ى بودجە کە هى حکومەتە ئەگەر لایەنە شیعەکان پێى ڕازى نەبن دەبێت دەقێکى جێگرەوە بهێنن، ئێمەش بۆ هەر دەقێک چوار مەرجمان هەیە، یەکیان ئەوەیە دەستورى بێت و دووەم بتوانرێت جێبەجێ بکرێت و سێیەمیش دەبێت بەپێى یاسا بەرکارەکان بێت و چوارەمیش لە بەرژەوەندى خەڵک بێت.
ڕونیشیکردووەتەوە، بڕگەى یەکەمى مادەى 11 کە باس لە 460 هەزار بەرمیل و دواتر داهاتى 250 هەزار بەرمیل بە نرخى سۆمۆ دەکات کە بدرێتە بە حکومەتى عێراقى ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت، چونکە هەرێم بۆ ئەوەى داهاتى یەک بەرمیل نەوت بدات بە عێراق پێویستى بە فرۆشتنى دوو بەرمیل و نیو هەیە، واتا دەبێت بۆ داهاتى 250 هەزار بەرمیل 625 هەزار بەرمیل بفرۆشێت، لەکاتێکدا عێراق خۆى دەڵێت هەرێمى کوردستان تەنها 460 هەزار بەرمیلى هەیە و هەرێمیش دەڵێت 430 هەزارى هەیە، بۆی ئەو بڕگەیە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت.
ئەحمەد حاجى ڕەشید لە درێژەى قسەکانیدا باسى لەوەکردووە، بڕگەى دووەم کە دژى بووین بریتییە لە بڕگەى "هـ" کە بەپێى یاسا بەرکارەکان نییە، یاساى ئیدارەدانى دارایى مادەى 27 بڕگەى 5 یان لێ لابردووە، بۆیە ئێمە دژى ئەوە ناڕەزایەتى خۆمان تۆمار کرد، بەڵام هەردوو یەکێتى و پارتى دەنگیاندا بە مادەى 11.
سەبارەت بەوەى کە ڕێککەوتنەکە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و چەند بۆ هەرێمى کوردستان دەنێردرێت، هەرێمى کوردستان پێى وایە کە بەوە داهات لەدەست نادات و تەنها دەڵێت ئەوەندەى پەیدا کردووە، بەڵام هێزە شیعیەکان وەک یاساى قەرزى پێشوو بەوە ڕازى نابن و ئەوەشیان زۆر بە ڕاشکاوى پێوتوون بۆیە ئێمە نیگەرانیمان لەوە دەربڕى، هەرێمى کوردستان هیچ پارەیەکى بۆ نایەت چونکە بە جێبەجێکردنى ئەو مادەیە هەرێم زیان دەکات و دەبێت نەوتەکەى هەرزان فرۆش بکات، لە باشترین حاڵەتدا تەنها 250 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێردرێت ئەوەش بەشى خەرجیەکانى ناکات.
ئەندامەکەى لیژنەى دارایى پێشى وایە، ئەوەى هەرێم دەیکات مەترسیەکى ترە چۆن لەوەو پێش بابەتێکى زۆر مەترسیدارى ئەنجامداوە، فرۆشتنى ئەو نەوتەش لە داهاتوودا لەسەر هەرێم دەبێتە ماڵ، پێویستە هەرێم نەوت ڕادەست بکات، بەوەش سیاسەتى شکستخواردوى نەوت چارەسەر دەکرا و پارەش بۆ هەرێم دەهات.