گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مردن گەیشتووەتە ئاستێکى بەرز

زەنگى مەترسی کۆرۆناى گۆڕاو لەهەرێم..بەرزترین ئامار لەچوار مانگدا

2021.03.28 - 23:10
App store icon Play store icon Play store icon
زەنگى مەترسی کۆرۆناى گۆڕاو لەهەرێم..بەرزترین ئامار لەچوار مانگدا

ناس کورد-

 

ئامارەکانى توشبوون و مردن بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان هەڵکشانى زیاتریان تۆمارکرد، دواى ماوەیەک لە توندکردنەوەى ڕێوشوێنە تەندروستییەکان لەلایەن هەرێمەوە، بەهۆى گەیشتنى توخمى گۆڕاوى ڤایرۆسەکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەڵکشانەکە بەجۆرێکە کە ئەمڕۆ یەکشەممە بەرزترین ئامارى توشبوون بە کۆرۆنا لەماوەى زیاتر لە چوار مانگدا تۆمارکرا، هەروەها بەرزترین ژمارەى گیان لەدەستدان لەچەند مانگێکدا تۆمارکرا.

 

بەپێی دوایین ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى ئەمڕۆ یەکشەممە، 926 توشبووى نوێ تۆمارکراوە، ئەوەش بەرزترین ئامارە لە 12ى تشرینى دووەمى ساڵى رابردووەوە تا ئێستا، هەروەها 11 حاڵەتى مردنیش تۆمارکراوە.

بەپێی بەدواداچوونى "ناس کورد" بۆ ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، لەم مانگەدا تا ئێستا 124 حاڵەتى گیان لەدەستدان تۆمارکراوە، لەکاتێکدا مانگى رابردوو 49 حاڵەتى مردن تۆمارکرابوو.

 

بەوتەى بەرپرسانى تەندروستى، زۆربەى توشبووە نوێیەکان لەجۆرى ئەو ڤایرۆسە گۆڕاوەى کۆرۆنان کە لەبەریتانیاوە سەریهەڵدا و لە 21 ى شوباتى 2021 یەکەم حاڵەتى لە هەرێم تۆمارکرا.

هەر بەپێی بەدواداچوونەکان، لەماوەى 36 رۆژى دواى تۆمارکردنى یەکەم حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆناى گۆڕاو لە هەرێمى کوردستان، 11 هەزار و 704 توشبووى نوێ، 136 حاڵەتى مردن تۆمارکراوە.

 

هەڵکشانى ئەو ئامارە کەرتى تەندروستى هەرێمى خستووەتە بەردەم دۆخێکى نوێ و چاوەڕواندەکرێت بڕیارى نوێ بدرێت بۆ توندکردنەوەى زیاترى رێوشوێنە تەندروستییەکان.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم (یەکشەممە 28ی ئازاری 2021) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە نزیکترین کاتدا لەم هەفتەیەدا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەردەکات."  

  

وتیشی "ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا زۆر زیادی کردووە و ژمارەی ئەو توشبووانەشی تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردە بەهەمانشێوە زیادیان کردووە."  

  

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، جگە لە هەڵکشانى ئامارەکانى توشبوون و مردن، ئامارى ئەو توشبووانەى کە لەژێر چارەسەردان بەرێژەیەکى بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک پێش تۆمارکردنى کۆرۆناى گۆڕاو تەنها هەزار و 313 توشبوو پێویستیان بەچارەسەر هەبووە، بەڵام ئێستا بۆ حەوت هەزار و 354 توشبوو بەرزبووەتەوە.

هێرش حەیدەر سەرپەرشتیارى تیمى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە سلێمانى لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند "شەپۆلی ئەمجارەی کۆرۆنا زۆر سەختترە لە شەپۆلەکانی ڕابردوو. ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری نەخۆش بە تەندروستیەکی ناجێگیرەوە داغڵی نەخۆشخانە دەبن".

 

هەروەها پێشبینیکردووە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت تا چەند هەفتەی داهاتوو نەخۆشخانەکان پڕ دەبن.

 

لەئیستادا کۆى گشتى توشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێم گەیشتووەتە 119 هەزار و 480 توشبوو، لەگەڵ سێ هەزار و 643 حاڵەتى مردن، 108 هەزار و 483 حاڵەتى چاکبوونەوە.

یاد نەقشبەندى وتەبێژى تەندروستى سلێمانى  لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، هۆکارى هەڵکشانى خێراى ئامارەکان و پڕبوونى نەخۆشخانەکانى گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانەى کە رێنماییەکانى خۆپارێزییان تێدا جێبەجێ ناکرێن.

 

دەشڵێت ئەو شوێنانە هۆکارن نەک تەنها قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان کە زۆر باس و خواسی لەسەرە "وەک ئەوەی تەنها ئەو شوێنانە سەرچاوەی هەڵکشانی ئامارەکان بێت؟ لە کاتێکدا بە دڵنیاdی ئەگەر لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان تا ڕادەیەکی باش ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکرێن، ئەوە بێگومان لە هەموو ئەوانیتر بە هیچ شێوەیەک جێبەجێ ناکرێن".

 

بەبڕواى نەقشبەندى، دەبێت وردتر و چڕتر و زانستیانەتر کار لەسەر بابەتی تاک پارێزی بکرێت، پێشنیارەکانی کەرتی تەندروستی زیاتر بە هەند وەربگیرێت.