گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەلى باپیر هاتە سەر هێڵى مشتومڕە ناوخۆییەکانى حزبەکەى: کەسانێک هیچ به‌هیچ ناكه‌ن

2021.03.28 - 18:28
App store icon Play store icon Play store icon
عەلى باپیر هاتە سەر هێڵى مشتومڕە ناوخۆییەکانى حزبەکەى: کەسانێک هیچ به‌هیچ ناكه‌ن

ناس کورد-

 

عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان وەڵامى ئەو رەخنە و مشتومڕە نوێیانە دەداتەوە لەسەر گۆڕانکارییەکانى حزبەکەى بەتایبەتى لێکردنەوەى پاشگرى ئیسلامى لەناوخۆى ئەو حزبە سەریانهەڵداوە و دەڵێت، کەسانێک بە "ڕەفتارى ناشه‌رعییان هیچ ناچننه‌وە".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلى باپیر ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەیامێکى نوێدا بەناوى "كۆمه‌ڵ و گۆڕانكاریی: له‌كوێوه‌ بۆكوێ؟" کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکردووە، ئێمه‌ وه‌ك (كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی) هه‌وڵده‌ده‌ین له‌بواری گۆڕاوه‌كان (متغیرات)دا، كه‌ سه‌رجه‌م هه‌ڵس و كه‌وته‌: سیاسیی و ئیداریی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و…هتده‌كان ده‌گرێته‌وه، به‌عه‌قڵێكی كراوه‌و ئازادو، دڵێكی فراوان و ئازاوه‌،به‌ڕووی كۆمه‌ڵگاو پێكهاته‌كانی و، تێكڕای گۆڕانكارییه‌كاندا بكرێینه‌وه‌".

 

دەشڵێت "ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ئه‌مجاره‌ی كۆمه‌ڵ، سه‌ره‌تا له‌ عه‌قڵ و دڵی خودی به‌نده‌وه‌ هه‌ڵقوڵیون و، دواتر زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌ندامانی كۆنگره‌ ته‌به‌ننییان كردن و پشتگیرییان كردن".

 

"كه‌سانێك كه‌ له‌جیاتی ورد خوێندنه‌وه‌و باش تێگه‌یشتنی كتێب و به‌رهه‌مه‌كانی به‌نده‌و، دواتر هه‌ڵسه‌نگاندن (تقییم)ی بابه‌تییانه‌، توانج و پلارو قسه‌ی ناشایسته‌ ده‌كه‌ن، دوعای خێریان بۆ ده‌كه‌م و، با دڵنیابن به‌و ڕه‌فتاره‌ ناشه‌رعییانه‌یان، هیچ به‌هیچ ناكه‌ن و، جگه‌ له‌عه‌یبداریی و گوناهباریی، هیچ ناچننه‌وە".

 

عەلى باپیر هەروەها داوادەکات "هه‌رله‌خۆوه‌و بینا له‌سه‌ر قسه‌و فه‌توایه‌كی پێشوو، كه‌ بۆ كات و شوێن و ژینگه‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكه‌ دراوه‌، بازنه‌ی قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان له‌خه‌ڵك فراوان مه‌كه‌ن و، به‌ناهه‌ق و به‌بێ به‌ڵگه‌ی ڕوون و بێ چه‌ندو چوونی شه‌ریعه‌ت، خه‌لك مه‌خه‌نه‌ دڵه‌ڕاوكه‌و سه‌راسیمه‌‌ییه‌وه‌".



قسەکانى عەلى باپیر لەو بارەیەوە دواى مشتومڕە نوێیەکانى ناو حزبەکەى دێت لەبارەى گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانى ئەو حزبەوە، بەتایبەتى دواى ئەوەى دڵشاد گەرمیانی، سەرکردەی پێشووی ئەو حزبە کە رایگەیاندبوو، "گۆڕینی ناوی کۆمەڵ هەڵەیەکی گەورەیە و پاساوەکانیشی خەیاڵن."



دواتریش هاوژین عومەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵ و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی ئەو حزبە وەڵامى دڵشاد گەرمیانی دایەوە و ئاماژەى بەوەکردبوو، "ئیسلام چەندێک بە دەست ئیرھابی خاریجییەوە گیری خواردبێت، ئەوا زۆر زیاتر لەوە بە دەست ئیرھابی خەواریجییەوە گیری خواردووە".