ناس کورد-
سەرۆکى ڕوسیا ڕایگەیاند، دواى وەرگرتنى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا پلەى گەرمى لەشى بەرزنەبووەتەوە و تەنها ڕۆژێک دواتر هەستى بەلاوازیەک کردووە و شوێنى دەرزیەکەش کەمێک ئازارى هەبووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڤلادیمیر پۆتن، سەرۆکى روسیا (28ى ئازارى 2021) لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ڕایگەیاند، لە 5 کاتژمێرى یەکەمى وەرگرتنى ڤاکسینى دژە کۆرۆنادا هەستى بەهیچ نەکردووە، دواتر قۆڵى چەپى کە ڤاکسینەکەى لێکوتراوە بەرزکردووەتەوە و ئازارى نەبووە بەڵام هەستى بەجۆرێک لەناڕەحەتى کردووە بەتایبەت کاتێک فشارى لەسەر شوێنى دەرزیەکە کردووە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، بۆ ماوەى سێ ڕۆژە وەرزشى نەکردووە و هەروەها یارى گۆڵفیشى نەکردووە نەشچووەتە هۆڵى وەرزشى و مەلەشى نەکردووە و ڕۆژێک دواى وەرگرتنى ڤاکسینەکەش پلەى گەرمى لەشى گرتووە و ئاسایى بووە بۆیە چووەتە گەرماو و خۆى شتووە، سەرەتا ئاوى ساردى بەخۆیدا کردووە دواتر گەرم.
لەوەڵامى بڵاونەکردنەوەى وێنە و ڤیدیۆی کاتى وەرگرتنى ڤاکسینەکەش وەکو سەرۆکى وڵاتانى تر دەیکەن، پۆتن ئاماژەى بەوە کردووە، هیچ پێویستى بەوە نەکردووە خۆى پیشان بدات و شانازى بەو کارەوە بکات، گەر بیویستایە کارێکى ساختە بکات ئەوا قورس نەبوو بۆ نموونە دەیتوانى لەبەرامبەر کامێراکان ئەمپۆلى ڤیتامینات لەخۆى بدات و دواتر بڵێت ڤاکسینى دژە کۆرۆناى لەخۆیداوە.