گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوایەکی بەپەلە لە پەرلەمانی کوردستانەوە سەبارەت بە موچەی پێشمەرگە

2021.03.28 - 10:47
App store icon Play store icon Play store icon
داوایەکی بەپەلە لە پەرلەمانی کوردستانەوە سەبارەت بە موچەی پێشمەرگە

ناس کورد-

 لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات بەزووترین کات موچەی لیوا هاوبەشەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دابەش بکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان (یەکشەممە 28ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، "دوای نەناردنی موچەی لیوا هاوبەشەکان لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە پارەکە لەئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشەیەکەوە لەهەژماری بانکی و گواستنەوە، کاتی دابەشکردنەکەی دواخراوە و زیاتر لەدوو مانگە لیوا هاوبەشەکان موچەیان بۆ خەرج نەکراوە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ ئەم مەبەستەش لە 15ی ئەم مانگە لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بەنوسراوی فەرمی وەک پێشنیاز داوای لەلایەنی پەیوەندیدار کردووە کەتا هاتنی موچەی ئەمریکییەکان، بەمیکانیزمێکی گونجاو هەوڵبدرێت پارە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین بکرێت تاکو مووچە دابەش بکرێت بەسەر ئەم هێزانە."

 

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو،  "دابینکردنی بژێویی ژیانی ئەم هێزانە پەیوەستە بەموچەوە و بەپێی بەدواداچوونەکان ژیانی زۆربەیان لەڕووی ئابوورییەوە سەخت بووە، بۆیە پێویستە مانگانە لەگەڵ فەرمانبەرانی حکومەت موچەکە وەربگرن."

 

جەختیشیکردووەتەوە، " لێرەدا هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لەهەوڵەکانی بەردەوامە لەگه‌ڵ لایەنی پەیوەندیدار كه‌ بەپەلە بێنە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە."

 

لیوا قارەمان كەمال (شەممە 27ی ئازاری 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، " دواكەوتنی پارەی ئەمەریكا بۆ موچەی لیوا ھاوبەشەكانی پێشمەرگە، ھیچ كێشەیەكی نییە و تەنھا ھۆكارەكەی تەكنیكییە، ئەگەر نا ئەمەریكا پارەکە ڕەوانە دەكات."  

  

وتیشی، "وەزیری پێشمەرگە لە پەیوەندی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی و چاوەڕێین لە داهاتوویەکی نزیکدا پارەکە بگات و هەرکات گەیشت دەست بە دابەشکردنی دەکەین."  

  

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی پێشمەرگە بە نوسراوی فەرمی داوای لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان كردووە كە تاوەكو پارەکەی ئەمەریكا بۆ دەگات، موچەیەك بە قەرز بدات بەو لیوایانە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت وەڵامی نەداوینەتەوە."  

  

بڕیاربوو مانگی ڕابردوو سێ موچەی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەریەکەوە و بەبێ لێبڕین دابەش بکرێت، بەڵام لەئێستادا حکومەتی هەرێم دەستی بە دابەشکردنی موچەی ئەم مانگەش کردووە و هێشتا لیوا هاوبەشەکان موچەی مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.