گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سێ سیناریۆ لەبەردەم دانیشتنی سبەینێی تێپەڕاندنی بودجەدایە

2021.03.27 - 20:57
App store icon Play store icon Play store icon
سێ سیناریۆ لەبەردەم دانیشتنی سبەینێی تێپەڕاندنی بودجەدایە

ناس کورد-

زیاتر لە 500 كاتژمێر كۆبوونەوەی لیژنی دارایی و 350 میوانداریكردنی بەرپرسانی حكومی كە بەشێكیان لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بوون، گرێ كوێرەكانی بودجەی 2021 یان نەكردەوە، لە ئێستاشدا چاوەڕوانییەكان بۆ دانیشتنی یەكشەممە (28 ئازار) لەدەوری سێ ئەگەری سەرەكی چڕ بوونەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڕیاربوو شەممەی رابردوو (20ی ئازار) كاتژمێر 5:00ی ئێوارە بودجەی 2021 پاش تێپەڕبوونی نزیكەی چوار مانگ بەسەر ساڵی نوێ (2021) بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام لەپڕدا داواخرا بۆ شەممە (27ی ئازار) دواتریش بۆ یەكشەممە (28ی ئازار). سەرچاوەكان-ی "ناس كورد" ئەوەیان ڕوونكردەوە ئەم دواخستنە بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی پێویستی پەرلەمانتاران بووە لەلایەك و كێشەی دەستكاریكردنی ئەو دەقانەی لە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا دا هەبوون لەلاكەیتر، كە دواتر ئاشكرابوو بەدەستی حەسەن كەعبی جێگرە سەدرییەكەی سەرۆكی پەڕلەمان و فالح ساری سەرۆكی فراكسیۆنەكەی عەممار حەكیم كرابوو، لەئێستاشدا گفت هەیە كە هەموولا بگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنە بنەڕەتییەكە.

 

بەدواداچوونەكانی "ناس كورد" ئەوە دەردەخەن، لەمپەری گەورەی بودجە لە ئێستادا ئەوەندەی داواكاریی لیستە شیعەكانی هاوپەیمانێتی فەتحە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار و گێڕانەوەی بۆ (119 هەزار = 100دۆلار)، هێندە كێشە و گرێو گۆڵەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، گوشاری نرخی دۆلاریش لەناو پەڕلەمانیش دەرچووە بۆ گوشاری سیاسی و بەپێی لێدوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی هەیسەم جبوری، چەندین سیاسی و سەرمایەدار و خاوەن بانك بەچڕی لەكەناڵە میدیایی و تایبەتەكانەوە كاری لەسەر دەكەن، بەڵام حكومەت تا ئەمڕۆش (27 ئازاری 2021) هەر سوورە لەسەر 145 هەزار بۆ 100 دۆلار و دوا پەیامی خۆشی بەم ناوەڕۆكە بۆ پەرلەمان ناردووە.

 

سەرچاوەكانی ناس كورد ئاماژە بەوەدەكەن دانيشتنى یەك شەممە (28 ئازار) لەبەردەم سێ ئەگەردایە كە بەم جۆرەی خوارەوەن:

 

سیناریۆی یەكەم:

تەواو نەبوونی (نصاب) ی یاساییە بەهۆی ئەوەی لیستە شیعەكانی ناو هاوپەیمانێتی فەتح و هەندێ لیستیتری وەك فەزیلە و گروپی خەمیس خەنجەر لە سوننەكان دابەزاندنی نرخی دۆلاریان كردووە بەمەرج بۆ دەنگدان لەسەر بودجە، لەگەڵ رادەستكردنی نەوت و گومرگی هەرێم، لەكاتێكدا نرخی دراو لەدەسەڵاتی پەرلەماندا نییە و بەپێی ڕوونكردنەوەی لیژنەی دارایی و شارەزایانی یاسای دەستوری تایبەتمەندی (حصري) دەسەڵاتەكانی بانكی ناوەندییە، دۆسیەی نەوت و گومرگی هەرێمیش پڕە لە ئاڵۆزی گرێبەستە نەوتییەكان و بێ توانایی حكومەت لە كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان. 

 

سیناریۆی دووەم:

ڕەتكردنەوەی بودجە بەدەنگی زۆرینە پاش دەركەوتنی ناڕەزایەتییە سیاسییەكان و بەهۆی زۆری كێشەكانی ناو بودجەكە، ئەمەش ئەگەرێكی تاڕادەیەك لاواز دێتە بەرچاو بەتایبەت ئەگەر سائیرونی سەدر (54 كورسی) و عراقیونی حەكیم و عەبادی (50 كورسی) و لیستە كوردییەكان و لیستە سوننەكان دەنگی پێ بدەن.

 

سیناریۆی سێیەم:

تێپەڕاندنی بودجە بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووان بە تایبەت پاش ئەوەی بودجەكە پاڵپشتی سەدر و حەكیم و كورد و هەندێ فراكسیۆنی سوننەی هەیە (ئەگەر شتی لەناكاو نەیەتە پێش وەك دەستكارییەكەی شەممەی ڕابردوو)، ئەم سیناریۆ گەشبینانەش بەسەر تۆنی كۆی لێدوانی پاش كۆبوونەوە داراییەكانی شەممە (27 ئازار) دا زاڵ بوو، هەر ئەمەش چاوەڕوانی حكومەت و چاودێرانە ئەگەر كێشەی (نصاب) و رێژەی یاسایی نەبێتە لەمپەر.

 

لەدەرەوەی هەموو سیناریۆكانیش جۆرێك لە كۆدەنگی هەیە لەناوەندی سیاسی و پەڕلەمانی، كە تێپەڕاندنی بودجە كارێكی ئاسان نابێت و دانیشتنی یەكشەممە (28 ئازار) ئەگەری درێژكردنەوەی هەیە بۆ چەند دانیشتنێك، جگە لەوەش داتاو بڕگە و ژمارەكانی ناو بودجەكەش دەبنە كەرەستەی "موزایەدەی سیاسی" و ڕەخنەگرتن، بەتایبەت كە بودجەی 2021 كەوتووەتە ساڵی هەڵبژاردنەوە و لە ساڵی 2014 و 2020 یش عێراق لەبەر هۆكاری هاوشێوە بودجەی نەبووە و بەپێی یاسای كارگێڕی داریی 1/ 12 بودجەی خەرج كردووە.

 

ئەوانەی ڕەخنەیان لە بودجە هەیە پێیانوایە دەسكەوت دەبێت بۆ حكومەتی مستەفا كازمی، جگە لەوەش هیچ دامەزراندن و پڕۆژەی گەورەی تێدا نییە ببێتە دەسكەوت بۆ لیستە سیاسییەكان، دەشیانەوێت لەرێگەی بەرهەڵستیكردنییەوە وەها خۆیان دەربخەن كە بەرگری لەمافی گشتی دەكەن بەتایبەت كە هەنگاوەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەمانگی ئۆكتۆبەر رۆژ لەدوای ڕۆژ دەچنە پێشەوە، سبەی بڵندگۆی پەرلەمان و هۆڵی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانی دەرفەتێكی باش دەبن بۆ ئەم جۆرە نمایشانە.