گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

هاوپەیمانێتیەکەى مالیکی هەڵوێستی خۆی لەسەر نرخى دۆلار ئاشکرا کرد

2021.03.27 - 15:50
App store icon Play store icon Play store icon
هاوپەیمانێتیەکەى مالیکی هەڵوێستی خۆی لەسەر نرخى دۆلار ئاشکرا کرد

ناس کورد-

دواى کۆبوونەوەکەى لیژنەی دارایی و چەند وەزیرێکی پەیوەندیداری حکومەت لەبارەى پڕۆژەیاسای بودجە، هاوپەیمانى دەوڵەتى یاساش هەڵوێستى خۆى لەسەر گۆڕینى نرخى دراو ڕاگەیاند و ئەو گۆڕانکاریەش ڕەت دەکاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپیەکى بەدەستى "ناس کورد" گەیشتووە، عەبدولهادى سەعداوى، ئەندامى لیژنەى دارایى و پەرلەمانتارى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا لە پەرلەمانى عێراق (27ى ئادارى 2021) ڕایگەیاندووە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ لیژنەى دارایى بە بەشدارى وەزیرى دارایى و پلاندانان و نەوت و کارەبا و کار و بازرگانى و نیشتەجێى بوون و هەروەها ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى شارەزا لە هوتێل ڕەشیدى شارى بەغدا بۆ تاوتوێکردنى بودجەکە کۆبوونەوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، یاداشتێکى ناڕەزاییان لەسەر گۆڕینى نرخى دراو پێشکەش کردووە کە بووەتە هۆى بارگرانى بۆ خەڵکى و ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە هاوڵاتیان چاوەڕوانى چارەسەرکردنى ئەو دۆخە لەوان دەکەن.

 

سەعداوى جەختیشى لەسەر ئەوە کردووەتەوە، نرخەکانى ئێستاى دۆلار کە حکومەت دایناوە ڕەت دەکەنەوە و داواشى کرد لیژنەى دارایى دووبارە نرخەکەى وەکو ئەوەى پێشوو بگەڕێنێتەوە و ڕەچاوى داواکارییەکانى هاوڵاتیان بکەن بەوپێیەى یەکەمجار ئەوان زیانمەندن لەبەرزکردنەوەى ئەو دراوە.

 

بەڵام ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت سورە لەسەر ئەو نرخەی کە دایناوە بۆ دۆلار کە 145 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک.  

  

ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای حزبەکەى کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (27ی ئازاری 2021) دەڵێت، له ئێستادا لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیرەکانی دارایی، نەوت، پلاندانان، کارەبا، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و وەزیرەی دەوڵەت لە کۆبوونەوەدان سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2021.  

  

زیاتر بخوێنەوە: بۆ ’’بڕیاری یەکلاییکەرەوە’’ دارایی پەرلەمانی عێراق سێ کۆبوونەوەى گرنگ دەکات  

  

دەشڵێت، کۆبووەنەوەکە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
1- قەرزەکان
2- نرخی دۆلار
3- پرۆژەکانی وەبەرهێنان
4- ژمارەی سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی  

  

ئەحمەد حاجی ڕەشید باسی لەوەشکردووە کە "حکومەت سورە لەسەر ئەو نرخەی کە دایناوە بۆ دۆلار."  

  

هاوکات سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، لیژنەى دارایی و پەرلەمان بەهیچ جۆرێک مافى گۆڕینى نرخى دۆلاریان نییە و ئەو نرخەى دانراوە تەنها بۆ ئاگادارکردنەوەیە "نەک بۆ ئەوەى پەسەند بکەن یان ڕەتی بکەینەوە."  

  

هەیسەم جبورى لە مێزگردێکى ئەلیکترۆنى لە کڵەب هاوس بە نوێنەری "ناس کورد" وت، "من پێشنیازێکم کردووە کە نرخى نەوت بە دینار حساب بکرێت بۆ ئەوەى لەو کێشەیە ڕزگارمان بێت" هەروەها وتیشی گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ  119 هەزار دینار بەرامبەر 100 دۆلار سەدان ملیار دۆلارى دەوێت بۆ پاڵپشتی و پێشتریش بۆی خەرج كراوە، ئەو پارەیە لەکوێ بهێنین؟!".    

  

سەرۆكی لیژنەی دارایی وتیشى، "ئەو ژمارانە یاری نییە و هەریەکەیان لێکەوتەى خۆى هەیە، سندوقى دراوى نێودەوڵەتى پێشنیازى 160 هەزارى کردووە بۆ 100 دۆلار، بەڵام نەمانهێشتووە ئەوە سەربگرێت و لەگەڵ حكومەت كارمانكرد تا لە 145 هەزار جێگیر بوو".     

  

جەختی کردەوە کە ئەوانەى داوای گۆڕینی نرخی تەنها بانگەشەیەکی هەڵبژاردنە و پەرلەمان هیچی پێ ناکرێت لەو ڕووەوە."    

  

زیاتر بخوێنەوە: گەورەترین هەنگاوی پەرلەمانی بۆ گەڕاندنەوەى نرخی دۆلار وەک پێشوو  

  

جبورى پێیوایە 120 هەزار و 119 هەزار دینار هیچ گونجاو نییە بۆ بازاڕى عێراق، "نەوت دوبارە دابەزیوەتەوە و ئەگەر هەیە زیاتریش دابەزێت، نازانین دواى ئەوەش چى ڕوودەدات".    

  

دەشڵێت، "ئێمە قەرزێکمان لە بانکى ناوەندى کردووە بۆ پێدانى سێ موچە، جارێکى تر قەرز بکەینەوە دەچینە ناو کێشەیەکى دیکە، بۆیە ناکرێت لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکى نرخى نەوتدا نرخى دۆلاریش بگۆڕێت".    

  

جەختیشیکردەوە، دۆلارى هەرزان لە سایەى ئەوەى کە وڵاتانى دراوسێ دراویان داڕوخابێت کێشە دروستدەکات و دۆلارەکەت لێ دەکێشنەوە.    

  

هەیسەم جبوری ڕاشیگەیاند کە "هیواخوازین شەممەى داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2021 بدرێت، بۆئەوەش ڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژمان پێویستە."