گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

وەڵامێک لە ناو کۆمەڵەوە بۆ دڵشاد گەرمیانی.. ’’ئیرھابی خەواریجی’’

2021.03.27 - 15:37
App store icon Play store icon Play store icon
وەڵامێک لە ناو کۆمەڵەوە بۆ دڵشاد گەرمیانی.. ’’ئیرھابی خەواریجی’’

ناس کورد-

لەسەر مشتومڕی لابردنی پاشگری ئیسلامی و گۆڕینی ناوەکەى، بەرپرسێکی کۆمەڵی دادگەری وەڵامی دڵشاد گەرمیانی، سەرکردەی پێشووی ئەو حزبە دەداتەوە کە ڕەخنەی لە لابردنی ناوەکەى گرتبوو و وتبووی "گۆڕینی ناوی کۆمەڵ هەڵەیەکی گەورەیە و پاساوەکانیشی خەیاڵن."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هاوژین عومەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵ و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی ئەو حزبە لە بابەتێکیدا لە فەیسبوکی خۆی بەبێ ناو هێنانی دڵشاد گەرمیانی دەڵێت، "چوارەمی ھێزی سیاسیی ئیسلامیی، لە کوردستان بێت یان ھەر شوێنێکی دیکەی دنیا، لە پاش تەوفیقی خودایی؛ بەرھەمی تێگەیشتن و ھەوڵ و شەونخونیی ئەو کەسانەیە، کە مەبەستیانە لە شوێن و جێگە و سەردەمی خۆیاندا، بە پەسەندترین و شایستەترین ھۆکار، بە دیدێکی ڕۆشن و یەکڕایی، وەکو بەجێھێنانی فەرزێکی کیفایەت، خزمەتی ئیسلام و بەھا بەرز و باڵاکانی بکەن و کۆمەڵگەی خۆیان لەسەر ئەو بەھا و پرەنسیپە بەرزانە بھێڵنەوە. ھەروەھا ئامادەشن بە ھەموو شێوەیەک و تا دواقۆناغ، ئەو کارە ئیسلامییە لە ھەرپێشھات و ڕەشەبا و ھەوراز و نشێوییەک بپارێزن، بگرە بەرەو پێشیشی بەرن."

 

زیاتر بخوێنەوە: دڵشاد گەرمیانی: گۆڕینی ناوی کۆمەڵ هەڵەیەکی گەورەیە و پاساوەکانیشی خەیاڵن

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا هاوژین عومەر دەڵێت، "ڕەحمەتی خواش لەو کەسە بێت کە وتوویەتی «ئیسلام چەندێک بە دەست ئیرھابی خاریجییەوە گیری خواردبێت، ئەوا زۆر زیاتر لەوە بە دەست ئیرھابی خەواریجییەوە گیری خواردووە»."

 

دەقی نوسینەکەى هاوژین عومەر:

ھێزی سیاسیی ئیسلامیی، لە کوردستان بێت یان ھەر شوێنێکی دیکەی دنیا، لە پاش تەوفیقی خودایی؛ بەرھەمی تێگەیشتن و ھەوڵ و شەونخونیی ئەو کەسانەیە، کە مەبەستیانە لە شوێن و جێگە و سەردەمی خۆیاندا، بە پەسەندترین و شایستەترین ھۆکار، بە دیدێکی ڕۆشن و یەکڕایی، وەکو بەجێھێنانی فەرزێکی کیفایەت، خزمەتی ئیسلام و بەھا بەرز و باڵاکانی بکەن و کۆمەڵگەی خۆیان لەسەر ئەو بەھا و پرەنسیپە بەرزانە بھێڵنەوە. ھەروەھا ئامادەشن بە ھەموو شێوەیەک و تا دواقۆناغ، ئەو کارە ئیسلامییە لە ھەرپێشھات و ڕەشەبا و ھەوراز و نشێوییەک بپارێزن، بگرە بەرەو پێشیشی بەرن.


پەرەسەندن و گەشەسەندنی کاری ئیسلامیی؛ بەرھەمی دوو خاڵی گرنگە: یەکەمیان بەرھەمی دڵسۆزیی ڕاستەقینە و نیازپاکی و ناخپاکی و خۆدوورگرتنە لە ئیزدیواجییەت و خۆپەرستی و بەرژەوەندخوازیی و ھەروەھا ڕاستگۆبوونی ھەقیقییە بەرانبەر خوای گەورە و ھەموو ئەوانەی لەو کاروانەدا لەگەڵت بەڕێ کەوتوون.


دووەمیشیان؛ بەرھەمی بەکارھێنان و بەگەڕخستنی عەقڵ و بیرکردنەوە و ھەموو شارەزایی و توانا مرۆییەکانە بە مەبەستی داھێنان و تەبەننییکردنی گونجاوترین ھۆکار بۆ خزمەتی زیاتری ئیسلام و پەرەدان بە بەھا باڵاکانی.


ئەو دوو خاڵەی سەرەوەش لە بواری بیروباوەڕ و عەقیدەدا، بە (إخلاص و صواب) ناویان ھاتووە، واتە لەگەڵ دڵسۆزییدا، دەبێت پێکان و لەسەر ڕێگای ڕاستبوونیش ھەبێت.. بە تەنھا یەک لەو دوو خاڵەی سەرەوەش، ناتوانێت تەوفیق و ڕەزامەندیی خودایی، ھەروەھا پەرەسەندن و گەشەسەندنت بۆ مسۆگەر بکات، بوونی تەوفیقی خودایی و گەشەسەندن و پەرەسەندن پێکەوە، سەرەتا بە نیازی پاک و ناخی ساف و ویستی ڕاستەقینەی دینداریی و برایەتییکردن بەدی دێن، ئەوجا بە ھۆکار و میکانیزمە سەردەمیی و گونجاوەکان. واتە ئەگەر تۆ لە ناختدا کەسێکی ناخپاک نەبیت و بەرژەوەندخواز و ئیزدیواجی و کاسبیکار بیت بەسەر ئاین و کاری ئیسلامییەوە، ئەوا ئەگەر ڕیشێکی جوانیش بھێڵیتەوە و موزایەدەی دیندارییش بکەیت بەسەر خوشک و براکانت و مسوڵمانانی دیکەشدا، ھەرگیز خوای گەورە تەوفیقت نادات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ناخ و ھەقیقەتت بۆ مسوڵمانان و دەوروبەرت دەردەخات.


بە پێچەوانەشەوە، ھیچ کات لەخۆڕازییبوون و باوەڕبوون بە عەقڵ و سەلیقە و مەعریفەی خۆت و خۆپێڕۆشنبیربوون بە تەنھا، دوور لە خۆساغکردنەوە بۆ خوای گەورە و پشتپێبەستنی و نیازی ڕاستەقینە بۆ خزمەتی ئاینە پیرۆزەکەی، ناتگەیەننە ئامانج و ھەرگیز لە پاشەکشەدا دەژیت.


ئەگەر لەو ڕوانگەیەی سەرەوە حوکم بدەین و سەیر بکەین، دەتوانین بڵێین ھیچ کات ئەو کەسانە نابنە مایەی پاشەکشەی کاری ئیسلامیی و باجدانی ئەو حیزبە، کە ھەمیشە سەلماندوویانە؛ ھەم نیازی خوالەخۆڕازییکردنیان ھەیە، ھەمیش بەردەوام بۆ ئەو ھۆکار و میکانیزمانە گەڕاون کە دەبنە مایەی گەشەسەندنی کاری ئیسلامیی و چەسپاندنی دادگەریی و پەیام و بەھا باڵاکانی ئیسلام لە ناو کۆمەڵگە و دەوروبەردا.


بەڵام بە پێچەوانەوە، بە درێژایی مێژووی سەرھەڵدانی ڕەوت و ڕابوونی ئیسلامیی لە سەرتاسەری دنیادا، ھەمیشە ھێزی ئیسلامیی باجی عەقڵییەتێکی داوە؛ کە ھەڵگری ڕۆشنبیریی و تێگەیشتنی قووڵ بۆ ئیسلام و پەند و پەیامەکانی نەبووە، بەڵکو کەسێکی ڕووکەشبین و دواکەوتوو و ئەعرابییئاسا بووە، نەیزانیوە چی دەوێت بەڵام زانیویەتی کە چی ناوێ، ھەمیشەش سەرقاڵی قسەی لەقوتوونراو و ھاوردە و ئامادەکراو و موزایەدەکردن و بەرژەوەندییخوازیی بووە، ئەم جۆرە کەسانە، کەچی لە مەیدانی کار و کردەوەشدا، کەسایەتییەکەیان جۆرێکی دیکەی نواندووە. لە ناخدا پلە و پۆست و دنیایان ویستووە، بەڵام لە ژێر پەردە و ناوی دیندارییدا ھەڵپەیان بۆ کردووە.


ئەوەی بە دەقی پیرۆز و عەقڵ و ئەزموونیش سەلماوە، ھێزی ئیسلامیی باجی کەسێک نادات کە کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی و دەیەوێت بە بیری نوێ و حەماسەتی گەنجانە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەورەکانی پێش خۆی؛ گەشە بە کارە ئیسلامییەکەی بدات و بە ھۆی بەشداریی سیاسی و ھەڵبژاردنیشەوە بیەوێت شوورایەک بە دەوری پڕۆژە ئیسلامیی و دەعەویی و خێرخوازییەکانیدا بکێشێت، بۆ ئەوەی لە گەڕ و پلانی ناحەزان بیان پارێزێت، بەڵام نەک جارێک، بەڵکو ھەزار جار، کاری ئیسلامیی ھەمیشە و ھەردەم باجی عەقڵییەتێکی داوە و دەدات، کە ھەڵبژاردن و بەشداریی سیاسیی پێ حەرامە، بەڵام بۆ بەرژەوەندییەکی خۆی، نەک جارێک، بەڵکو چەندین جار ئامادەیە داوا و تەوەسول بە بەرپرسێکی عەلمانیی بکات، بۆ ئەوەی پاسەوانی بۆ دابین بکات و بیپارێزێت!


بە دڵنیاییەوە؛ ھێزی ئیسلامیی باجی عەقڵییەتێک دەدات، سۆز و گومانی باشی بەرانبەر دڕندە و نامرۆڤ و ناحاڵییەکی وەکو داعش و داعشییەکان ھەبێت، بەڵام بەردەوام ڕەشبین و بەدگومان و خەریکی داتاشینی تۆمەت بێت بەرانبەر مسوڵمانێکی دڵسۆز و دانەبڕاو و بیرکراوە، یان ئەمیر و سەرۆکێکی شارەزا و دڵسۆز!
ئێستا لە ھەموو دنیادا ھێزە ئیسلامییەکان لە بەردەم پێشھات و تەحەددیی گەورەدان، ھێشتا لە شەڕی سەلماندنی بوون و وجود نەبوونەتەوە، زۆر کار و حیکمەت ھەن کە پێویستە ئەنجامی بدەن بۆ پارێزگاریی لە قەوارە و بوونی ئیسلامیی خۆیان، کەچی سەرباری ھەموو ئەو پێشھاتانە، ناوبەناو کەسانێکی بەدحاڵیی لە ئەرک و مەھامی ئیسلامییمان، بەردێک ھەڵدەدەنە بەردەمی یەکبەیەکمان و لە ھەنگاوھەڵگرتن خاومان دەکەنەوە.


داھاتووی کاری ئیسلامیی ئەوەمان لێ دەخوازێت؛ کە ئاوڕ بۆ ھیچ یەکێک لەو تۆمەت و فشار و شەڕە دەروونییانە نەدەینەوە، کە ناحەزان و نەشارەزایان بۆ خاوکردنەوە و ھەڵخلیسکاندنمان و ھەروەھا بۆ دۆگماکردن و چەقبەستنی کاری ئیسلامییمان دەستیان پێ کردووە. ئەوەی پێویستە لەسەر یەکبەیەکمان، بەردەوامییدانە بە ھەوڵ و ھەنگاوەکانمان بە مەبەستی گەشەسەندن و کرانەوە و نوێبوونەوەی زیاتر، لە چوارچێوەی بیری ڕەسەنی ئیسلامیی و بە ڕابەرایەتیی سەرکردە و زانا گەورەکانمان.


ڕەحمەتی خواش لەو کەسە بێت کە وتوویەتی «ئیسلام چەندێک بە دەست ئیرھابی خاریجییەوە گیری خواردبێت، ئەوا زۆر زیاتر لەوە بە دەست ئیرھابی خەواریجییەوە گیری خواردووە».